سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و کونسوڵی گشتیی نوێی ئوردن دووپات لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زیاد بەتاریسە، کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، دووپات لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد بەتاریسە، کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی، ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن کرد و هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دووپات کردەوە لەپێناو بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.
کونسوڵی گشتیی ئوردن، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای دووەم شای ئوردن و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئامادەیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئوردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
