بە سەرکەوتنی پارتی، نرخی زەوی و خانوو لە هەولێر بەرزبووەتەوە

هاووڵاتیان و کاسبکاران لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو لە هەولێر باس لەوەدەکەن، دوای ئەوەی دەرکەوت پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر کە ملیۆنێک دەنگی هێناوە نرخی زەوی و خانوو بەرزبووەتەوە، چونکە دڵنیان پارتی پێگەی خۆی هێندەی دیکە قایمکرد و لەچەند ساڵی داهاتوودا خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هەولێر دەکات، هەروەها بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا دڵنیایی بە بازاڕی زەوی و خانووبەرە دەدات.

یەک لەوانەی کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەکات لە هەولێر گوتی: هەموومان چاوەڕوانی چالنچی یەک ملیۆنی پارتیمان دەکرد لە هەڵبژاردندا، کە پارتی ملیۆن دەنگی تێپەڕکرد، سەلماندی کە متمانەی جەماوەری بەدەستهێناوە.

دەڵێت: حکوومەت لەو بەڵێنانەی کە بەخەڵکی دابوو لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ڕێگەوبان و پشتێنەی سەوازیی و کارەبای 24 کاتژمێری، لەگەڵ ئاوی 24 کاتژمێری، وای کردووە ڕۆژ دوای ڕۆژ نرخی زەوی لە هەولێر زیاتر بەرزبێتەوە، پێشتریش بە هەمووانم گوتووە، لەبری زێڕ، زەوی بکڕن، چونکە پرۆژەکانی حکوومەت بەردەوامن.

یەکێکی دیکە لە کڕیار و فرۆشیارانی زەوی و خانوو لە هەولێر بە کوردستام24ـی گوت: دوای هەڵبژاردن جووڵە کەوتووەتەوە نێو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، گوتی: دڵنیایین لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزترین پارتی سیاسیی دەبێت لە بەغدا لەبەر ئەوەی چالنچی ملیۆنییەکەی سەرکەوت و پرۆژەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیش بەردەوام دەبێت.

یەکێکی دیکەش کە لەبازاڕی خانووبەرە کار دەکات، بۆ کوردستان24 گوتی: پرۆژە و خزمەتگوزاریی لەهەر ناوچە و شارێک هەبێت، نرخی خانوو و زەوی بەرزدەبێتەوە، خەڵکی هەموو عێراقیش چاویان لەسەر هەولێرە.

 
 
Fly Erbil Advertisment