چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی سوودمەندبووانی داشکاندنی قەرزی کارەبا بگاتە یەک ملیۆن هاوبەش

ئەمڕۆ  سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ـی پارەی پێشووی کارەبا کۆتایی دێت و لە سبەینێوە دەبێتە بەشەپارە (قیست)ـی مانگانە.

سەرچاوەیەک لە تیمی پڕۆژەی "رووناکی" بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوایین رۆژی داشکاندنی 50%ـی پارەی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکییە و تەنیا تا کاتژمێر 12:00ـی شەو دەرفەت ماوە.

 بە گوتەی سەرچاوەکە، تەنیا لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تا 11:00ـی پێشنیوەڕۆش، 10 هەزار هاوبەش پارەکانیان داوەتەوە. باسی لەوەش کرد، تا ئێستا لە هەردوو گەڕ (دەرفەت)ـی یەکەم و دووەم، 920 هەزار هاوبەش پارەی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکییان گەڕاندووەتەوە. پێشبینیش دەکرێت تا کاتژمێر 12ـی ئەمشەو، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن هاوبەش. 

دەربارەی ئەوانەی ماونەتەوە، سەرچاوەکە ئەوەی خستەروو، نزیکەی 60% بۆ 65%ـی هاوبەشان پارەی پێشوویان داوەتەوە و نزیکەی 35% ماون. لە سەدا 90ـی ئەو کەسانەی ماون، بڕی پارەکەیان 200 هەزار دینار و کەمترە. 

هاوکات گەڕاندنەوەی پارەکە بە دوو رێگە دەبێت: بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئی-پسوولە، هەروەها سەردانی بنکەکانی فرۆشتنی وزە. دەوامی بنکەکان تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەیە، بەڵام تا دوایین کەس مابێت، کارمەندان بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی پارەکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، بۆ 50 هەزار هاوبەش پێشتر پسوولەیان بە پووچەڵ (سفر) هاتبووەوە و پارەکەیان کەڵەکە بووبوو بە کۆی 20 ملیار دینار، چارەسەر دۆزراوەتەوە. ئەگەر تا کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بیبەخشن، 50% داشکاندن دەیانگرێتەوە. ئەگەر نەیبەخشن، لە سبەینێوە دەکرێتە قیستی مانگانە.

سەرچاوەکە گوتی، لە سبەی دووشەممەوە، 19ـی تشرینی یەکەم، داشکاندن نامێنێت و پارەی کۆن دەکرێتە قیستی مانگانە. بۆ ماڵان و کشتوکاڵ، لە 20 هەزارەوە تا 480 هەزار دینار، مانگانە بە 20 هەزار دینار لە ماوەی یەک تا 24 مانگ وەردەگیرێتەوە. لە 480 هەزار دینار بەرەو سەرەوە، بەشەپارەی مانگانەکە نزیکەی 40 هەزار دینار دەبێت.

پڕۆژەی رووناکی دەستپێشخەریی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە کۆتایی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا. ئامانجی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و نەهێشتنی مۆلیدەکانە لە هەموو شار و شارۆچکەکان تا کۆتایی ساڵی 2026.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی هەشتی ساڵی 2026 دەرفەتێکی تایبەتی بۆ هاووڵاتییان راگەیاند بە داشکاندنی 50% لە پارەی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ ماڵان و کشتوکاڵ. لەو چوارچێوەیەدا حکوومەت لە زیاتر لە 360 ملیار دیناری هاووڵاتییان خۆش بوو. پاشان بڕیار درا دوایین دەرفەت تا 18ـی مانگ درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین هاوبەش لێی سوودمەند بن، بەر لەوەی پارە کۆنەکان بخرێنە سەر پسوولەی مانگانە بە شێوازی بەشەپارەی دیاریکراو لەنێوان شەش تا 24 مانگدا.