سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی 241 ساڵەی بونیاتنانی شاری سلێمانی لە خەڵکی شارەکە دەکات
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی 241 ساڵەی بونیاتنانی شاری سلێمانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کردووە و دەڵێت: سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە.
ئەمە دەقی پەیامی سەرۆک بارزانییە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، شاری شێخی نەمر و شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم.
سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی 9ـی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچوونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە.
سلێمانی وەك هەر شار و دەڤەرێكی تری كوردستان هەمیشە شوێنی هەڵكەوتنی ئەدیب و شاعیر و كەسایەتی و تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كورد بووە و ڕۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا گێڕاوە.
لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە، ئەو ڕێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
لەو یادەدا هیوای ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەخوازم و شایستەی هەموو جۆرە پێشكەوتن و پێشەنگین.
مسعود بارزانی
14ی تشرینی دووەمی 2025
