ئەورووپا بەنیازە ڕاهێنان بە 3000 ئەفسەری فەڵەستینی بکات
ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، یەکێتیی ئەورووپا بیر لە ڕاهێنان پێدان بە 3000 ئەفسەری پۆلیسی فەڵەستینی دەکاتەوە، ئەمەش لە پێناو پشتیوانی و بەشداریی لە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە دەبێت.
هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، بەدەست گەیشتووە و کە تێیدا، بەرپرسان بژاردەی بەشداریی لە پرۆسەی ئاشتی لە غەززە تاوتوێ دەکەن.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێک لەبارەی سەرکردایەتیکردن و ڕاهێنان پێدان بە 3000 ئەفسەری پۆلیسی فەڵەستینی دەکەن و دواتر لە غەززە بڵاوەیان پێدەکرێت؛ هاوکات مەبەستیانە لە داهاتوو ڕاهێنان بە 13 هەزار ئەفسەر بکەن.
هەروەها لە نووسراوەکەدا، دەزگای کاروباری دەرەوەی ئەورووپا پێشنیازەکانی بۆ فراوانکردنی دوو ئەرکی مەدەنی لە ناوچەکەدا خستووەتەڕوو، کە تیشک دەخەنە سەر پشتیوانی چاکسازییەکانی پۆلیس و دادی دەسەڵاتی فەڵەستینی و بەهێزکردن و چاودێریکردنی سنوورەکان لە ڕەفەح بۆ خاڵە سنوورییەکانی دیکەش دەبێت
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە نەدراوە و ڕوونیش نییە کە جێبەجێ دەکرێت یان نە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
