دوای هەژمارکردنی دەنگی 7 وێستگە دواخراوەکە، ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەنگی ئەو حەوت وێستگەیەی کە بازنەی هەولێر هەژمار نەکراوبوون بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە، بەڵام ئێستا دەنگەکان هەژمار کران و ئەنجامەکەیان گەیشتە بەغدا و چاوەروان دەکرێت ئەمرۆ ئەنجامی فەرمی ڕابگەیەنرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتریش سێشەممە، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
