پارتی، بە کردار و پڕۆژە دەنگی هاووڵاتییانی بەدەستهێنا

لە پێنج ساڵی ڕابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەم، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندان پرۆژەی گەورە و ستراتیژی گرنگ لە بوارەکانی ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، ژینگە، ئاوەڕۆ و چەندان بواری دیکە جێبەجێکراون.

 ئەم پرۆژانە خرانە خزمەتی هاووڵاتییان؛ ئەمەش یەکێک بوو لە گرنگترین هۆکارەکان، پارتی ئەم جارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگی هاووڵاتییانی بەدەست هێنا.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرایی ئاوی هەولێر، یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم. لە چەندان ساڵی ڕابردوودا کەمئاوی کێشەیەکی گەورە بوو لە شارەکە. پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر، گەڕەکەکانی ئاوەدان کردەوە.

 ئەو پرۆژە ستراتیژییانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەو متمانە زۆرەی هاووڵاتییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئارام سادق، هاووڵاتییەکی دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، دەڵێت: "من و خانەوادەکەم لەم هەڵبژاردنەدا دەنگمان بە پارتی دا. دەبینین پارتی لە لایەنی گەشتوگوزار، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و ڕێگاوبان، خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کردووین. جگە لە پارتی، لایەنی تر خەمخۆرمان نییە و خزمەتی ئەم وڵاتە ناکات. ئێمەش بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی دەنگ بدەین بە پارتی دیموکراتی کوردستان."

عەلی خالید، هاووڵاتییەکی دیکەی شاری هەولێر، دەڵێت: "سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەمان پێویستی پێ بوو، پارتی جێبەجێی کردوون. هاوکات ئاسایش و ئەمنیەتی بۆ ئێمەی هاووڵاتی دەستەبەر کردووە. هیچ لایەن و حزبێکی تر بە دەم داواکارییەکانی ئێمەوە نەهاتووە. دەنگمان دەنگی پارتییە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا."

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، لایەنەکانی تر تەنیا قسەیان دەکرد. پارتی دیموکراتی کوردستان باسی دەستکەوت و پرۆژەکانی دەکرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەک لەدوای یەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دەکردەوە.

سەید نووری سەید فەتحی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێر، دەڵێت: "ئەمن و ئاسایشی هەولێر لە سایەی حکوومڕانی پارتییە لە شارەکە. دڵنیام بارودۆخێکی وەها لە هیچ شوێنێکی تری عێراق نییە."

شەماڵ مزووری، فەرمانبەر، ئاماژە بەوە دەدات: "لە ڕابردوو بینیمان، جگە لە پارتی درووشمی لایەنەکانی تر تەنیا قسەی بێ کردار بوو. پارتی تەنیا لایەن بوو لە جیاتی قسە و بەڵێنی بەتاڵ، کردارەکانی ئەنجام دا."

پارتی خزمەتگوزارییەکانی خۆی نەوەستاند، لەناو هەموو گوشارە ئابووری و سیاسییەکاندا بەردەوام بوو. ئەمە گەورەترین هۆکاری سەرکەوتنی بوو. خەڵکیش پشتی بە پارتی بەست و دەنگی پێدا. ئەمەش کردوویەتییە بەهێزترین حزب لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

 
 
Fly Erbil Advertisment