فەرماندەیی زێرەڤانی: داوا دەکەین ئەو کاندیدەی هێرشی کردە سەر پێشمەرگەکەمان سزا بدرێت
ڕۆژی شەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕایگەیاند، کاندیدی دەرچووی حزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف، لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک. هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە بەڵام کاندیدەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکەمان کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی شارۆچکەی دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو کاندیدە بگرنەبەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.
هەرەها دەشڵێت: دووپاتی دەکەینەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرینەبەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی 2025، ئەحمەد خەلەف، پێشمەرگەی زێرەڤانی لەبارەی ڕووداوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری ڕووادوەکە ئەوە بووە، کاندیدێکی حزبی تەقەدووم بەناوی مەهەیمن حەمدانی، گوتی بۆ لە هەڵبژاردن دەنگتان بە ئێمە نەداوە، منیش گوتم من بۆ دەنگتان پێبدەم من پێشمەرگەم، من دەنگ بە حزبەکەم دەدەم خۆ تۆ لە حزبی من نیت.
ئەحمەد خەلەف گوتیشی: موهەیمەن حەمدانی گوتی من بۆتان دێم، ئەوکات سڵاوێکتان لێدەکەم، دواتر هاتووە لە دایک و براکانی داوم و مۆبایلەکانیشی هەمووی بردووە، دەشڵێت: جنێوی بە منیش داوە و گوتیەتی بە کوشتن دەتکوژم، ئەحمەد خەلەف دەڵێت: داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەم بەهانامانەوە بێت، داواش دەکەم مافەکەم بسەندرێتەوە و بابەتەکە چارەسەر بکرێت.
ئەحمەد خەلەفی گوتی: خۆم و دایکم و خوشک و براکانم سکاڵامان لەسەر موهەیمن تۆمار کردووە، زلـلەیەکی لە دایکم و لە ئەفسەرێکیش داوە، ماڵەکەم و ئۆتۆمبێلەکەشمی بەر فیشەک داوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک سکاڵاکەم ناکشێنمەوە، ئێمە خودا، پاشان سەرۆک بارزانی و یاسامان هەیە، بۆیە سازش لەسە مافەکانم ناکەم.
جەختیشی کردەوە، موهەیمن بەهەڕەشە من دەترسێنێت، ئەوان بە 20 کەس بوونە هەشت کەسیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەم کە موهەیمن بەخۆی لەدایکمی داوە، هیچ سوڵحێکی عەشایەریش ناکەین دەبێت موهەیمن بچێتە زیندان، بۆیە داوا لەسەرۆک بارزانی دەکەم ئەو مافەمان بۆوەرگرێتەوە.
هاوکات دوای ڕووداوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزێکی تایبەتی ناردووەتە دووبز و شەش لە پاسەوانەکانی موهەیمن حەمدانیان دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
