سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا

سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا
سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا. 

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەم پڕۆژەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای "ئاوزان" ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەکێک لەو هەشت یەکەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنییەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەک دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەکە پێک هاتووە و یەکێک لەو یەکانە، هیوادارین کە ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنی جێبەجێی بکات و هیوادارین لە کاتێکی زوودا ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەن."

مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە."

 پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، وەک ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد "باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر. لەوانەش، پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی (پشتێنەی سەوزایی) و (ڕێڕەوی ژیان) و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەریی باشی لە بواری دابینکردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستیی شارەکانماندا دەبێت."

 

تایبەتمەندییە گشتییەکانی پڕۆژەکە:

ناو: پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر.

پێگە: یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان.

بودجە: 579 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

شوێن: ڕۆژئاوای شاری هەولێر.

ڕووبەر: 205 دۆنم.

توانا: پاککردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس (ڕەش و خۆڵەمێشی) لە ڕۆژێکدا.

ماوەی خزمەتکردن: بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو داڕێژراوە تا خزمەتی دانیشتووانی هەولێر بکات.

 

جێبەجێکارانی پڕۆژەکە:

قۆناغی یەکەم: ئاژانسی جایکای ژاپۆنی (JICA).

قۆناغی دووەم: کۆمپانیای ناوخۆیی (ئاوزان).

 

پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:

تۆڕی گواستنەوەی ئاوەڕۆ:

درێژییەکەی 21.9 کیلۆمەترە.

5.3 کیلۆمەتری بە تەکنیکی پێشکەوتووی (Pipe Jacking) جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی پێویست بە هەڵکۆڵینی شەقامەکان نەکات.

 

 وێستگەی چارەسەرکردن (WWTP):

- وێستگەیەکی مۆدێرنە کە پرۆسەی پاککردنەوە لە قۆناغەکانی (سکرینکردن، هەواگۆڕکێ، پاڵاوتن) ئەنجام دەدات.

- ئاوی پاککراوە بۆ مەبەستی جیاواز، بەتایبەت بۆ کشتوکاڵ، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.

 

قۆناغی کارپێکردن و چاککردنەوە:

- ماوەکەی دوو ساڵە.

- ئامانج لێی دڵنیابوونە لە بەردەوامی و کارایی وێستگەکە.

 

گرنگیی پڕۆژەکە:

- ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان دەکات.

- ئاوی ژێر زەوی لە پیسبوون دەپارێزێت.

- مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی پەیوەست بە ئاو کەم دەکاتەوە.

- پشتگیری لە کشتوکاڵێکی پاکتر دەکات و لەگەڵ ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت.

- ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دروستکردنی شارێکی پاکتر و تەندروستتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment