سەرۆکی حکوومەت: لە داهاتوودا کوردستان وەرچەرخانێک لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە،  لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێری دانا. 

سەرۆک وەزیران لە گوتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە لە چەندین ڕەهەندەوە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پاراستنی ژینگە، تەندروستیی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەبێت."

مەسرور بارزانی گوتیشی "ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە."سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە " ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگتریشمان هەیە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی تری کوردستان و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت."

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

به ناوی خودای گەورە و میهرەبان. خوشک و برایانی بەڕێز و خۆشەویست، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن. خۆشحاڵم کە لەگەڵتان لێرەم و ئامادەین بۆ دەستپێکردنی یان دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گەورەیە. ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین کە وێستگەی چارەسەرکردن و پاککردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆیە.

ئەم پڕۆژەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای "ئاوزان" ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەکێک لەو هەشت یەکەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنییەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەک دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەکە پێک هاتووە و یەکێک لەو یەکانە، هیوادارین کە ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنی جێبەجێی بکات و هیوادارین لە کاتێکی زوودا ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەن.

ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ئاو لە عێراق و ناوچەکەدا بووەتە خەم و کێشەیەکی گەورە، بۆیە ئێمە زووتر دەستمان بە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری دابینکردن و پاراستنی ئاو و ژینگەپارێزی کرد، وەک دروستکردنی بەنداو و پۆند و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.

ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر. لەوانەش، پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزایی" و "ڕێڕەوی ژیان" و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەریی باشی لە بواری دابینکردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستیی شارەکانماندا دەبێت.

بەرنامەشمان هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدەین. ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوەیە کە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بکەین و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و باشتر ببەین. لە ڕووی ژینگەپارێزیشەوە، ڕێگە لە پیسکردنی ئاوی پاک و ڕووبارەکان بگرین. ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی پاک و خاوێنیی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکانی تری عێراق کە دەکەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەکان، بەتایبەتی ڕووباری دیجلە.

ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگتریشمان هەیە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی تری کوردستان و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.

پێش ئەوەی بێمە ئێرە، من بە ڕێگەیەکدا هاتم، بە شەقامێکدا هاتم کە بەڕاستی شەقامێکی گونجاو نییە، و لێرەوە دەمەوێت بە جەنابی وەزیر بڵێم کە پەلە بکەن لە دروستکردنی ئەم شەقامە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیەش بتوانن سوودمەند بن لە باشترکردنی شەقامەکان و کار و خزمەتگوزارییەکان.

لە کۆتاییدا، من جارێکی تر سپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان بکەم، هەر شاد و تەندروست بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment