عراقچی: ئێران چیتر لە هیچ دامەزراوەیەکی ئەتۆمی یۆرانیۆم ناپیتێنێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند تاران هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێنراوی نییە، بەڵام هەرگیز لە مافی خۆیان لە بارەی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی خۆش نابن، دەشڵێت: ئەمەریکا ناتوانێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەموو داواکارییەکانی بەدەست بهێنێت.

یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، هەڵوێستی حکوومەتی ئێرانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیی خستەڕوو و گوتی: هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆمی کۆگراکراو لە ئێران بوونی نییە؛ هاوکات دامەزراوەکانمان پێشتر بۆردوومان کراوەن و هەموویان لەژێر پارێزگاری و چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان. 

جەختیشی کردەوە، ئێران چیتر لە هیچ دامەزراوەیەکی ئەتۆمی یۆرانیۆم ناپیتێنێت. 

هاوکات لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پەیامی تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕوونە.

عراقچی دەشڵێت: ئێران لە مافەکانی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی ئاشتییانە خۆش نابێت؛ گوتیشی: ئێمە ئەم مافەمان هەیە و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی و هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئەمەریکاشەوە، دان بە مافەکانماندا بنێن و تێبگەن کە ئەمە مافێکی زەوت نەکراوی ئێرانە و هەرگیز دەستبەرداری مافەکانمان نابین.

هەروەها عەباس عراقچی، لە میانی کۆنفرانسێکی تاران بە ناوی یاسای نێودەوڵەتی لەژێر هێرشدا گوتی: ئەمەریکا ناتوانێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ئەوەی لە شەڕدا بەدەستی نەهێناوە، لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەدەستی بهێنێت، ئاماژەشی دا، ئێران هەمیشە بۆ بەشداری لە ڕێگەی چارەسەری دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام نەک گفتوگۆیەک کە مەبەست لێی خۆسەپاندن بێت."

دوای جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، تاران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد؛ هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بە بەڵێنەکانی بەرانبەر ئاژانسەکە پابەندە، بەڵام ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر بە هەماهەنگی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوای تاوتوێ کردنیان بڕیاری تازەی لێ دەدرێت.

گوتیشی: ئێمە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی نائاسایی بووینەتەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێت لەم بارودۆخە تێبگات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment