سێنتکۆم: دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە لایەن ئێرانەوە ئازادی بازرگانیی لاواز دەکات
سێنتکۆم سەرکۆنەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتی نەوتهەڵگری تالارا لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بە تەواوی سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئازادی بازرگانیی لاواز دەکات.
هەینی 16ـی تشرینی دووەمی 2025، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، هێزەکانیان ئاگاداری ئەو ڕووداوی دەستبەسەرداگرتنی کەشتی نەوتهەڵگر بە ناوی (تالارا) دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵگرتبوو لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە گەرووی هورمز، کە کەشتییەکە بە نێو ئاوە نێودەوڵەتییەکان تێدەپەڕی.
سێنتکۆم باسی لەوەش کردووە، سوپای پاسداران بە هێلیکۆپتەر بەسەر کەشتییەکەیان داداوە و دواتر کەشتییەکەیان بردووەتەوە ئەو ناوچەیە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانە.
سێنتکۆم سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت: ئێران بە بەکارهێنانی هێزەکەی بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بە تەواوی سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و ئازادی بازرگانی لە ڕێگەی دەریاوە لاواز دەکات.
داواش لە ئێران دەکات، بنەمای یاسایی بۆ کردارەکانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون بکاتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا چاودێری بارودۆخەکە دەکات و شانبەشانی هاوبەش و هاوپەیمانەکانبۆ برەودان بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کاردەکەن .
دوێنێ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو، بە تۆمەتی هەڵگرتنی پترۆکیمیایی نایاسایی لە کەنداوی عەرەبی، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی (تالارا) دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵگرتبوو و بەرەو سەنگافوورە دەڕۆیشت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کەشتییەکە 30 هەزار تۆن ماددەی پترۆکیمیایی هەڵگرتبوو، دوای فەرمانی دادوەری و چاودێریکردن دەست بەسەردا گیراوە
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر بڵاوی کردبووە، کەشتییەکە ناوی تالارایە و ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە، لە کاتێکدا بە بڕێکی زۆر نەوتەوە لە بەندەری خورفکانی شاریقەوە بەرەو سەنگاپوورە بە ڕێوە بووە، بەڵام لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.
