كۆمارییه‌كان یەك كورسیان ماوە زۆرینە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بەدەستبھێنن

دوو كورسی ماون، ئەگەر بوو بە 50 بە 50 چی دەكەن؟

K24 – ھەولێر:

چوارشەممە دوای پارتەكەیان لە ویلایەتی ئالاسكا سەركەوتنیان بەدەستھێنا، كۆمارییەكان كورسییەكی دیكەیان لە ئەنجوومەنی پیران زیادبوو و یه‌ك كورسییان ماوه‌ زۆرینه‌ی ژووری سه‌ره‌وه‌ی كۆنگرێس مسۆگه‌ر بكه‌ن.

سیناتۆر دان سالیفان، كە لە خولی رابردوو سیناتۆر بوو، بەئاسانی لە ئالاسكا سەركەوت بە بەدەستھێنانی %57 دەنگەكان، بەپێی  ھەردوو تۆڕی "سی ئێن ئێن" و "ئێن بی سی".

بەسەركەوتنی سالیفان لە ھەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەم و ھاوكار لەگەڵ شایستەیی سەرۆكایەتی، كە جۆزێف بایدنی دیموكرات بەدەستیھێنا، كۆمارییەكان نیوەی ژمارەی كورسیەكانی ئەنجوومەنییان بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەنجامەكانی ئێستا، دیموكراتییەكان 48 كورسییان لە ئەنجوومەنی پیران لە كۆی 100 كورسی بەدەستھێناوە.

ھێشتا دوو كورسی ماون و ئەنجامەكەیان یەكلایی نەبووەتەوە لە ولایەتی جۆرجیا و كاندیدەكانی دیموكرات و كۆماری ململانێی لەسەر دەكەی لە گەڕی دووبارەكردنەوەدا لە 5ی كانوونی دووەمی داهاتوودا، دوای ئەوەی ھەردووكیان نەیانتوانی رێژەی %50 دەنگەكان بەدەست بھێنن لە ھەڵبژاردنەكاندا.

ئەگەر دیموكراتەكان ھەردوو كورسیەكەیان بەدەستھێنا، ئەو كات ئەنجوومەنی پیران دەبێتە 50 بە پەنجا، بەڵام جێگری سەرۆكی ھەڵبژێردراو، كامالا ھاریس، كە دەستوور بەپێی پۆستەكە سیفەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی پێدەدات، دەتوانێت لە ھەر دانیشتنێكدا كە بییەوێت ئامادە بێت و دەنگ بدات بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتەكان بەلای سەنگی پارتەكەی.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ھیچ یاسایەك بڕیاری لەسەر نادرێت، ئەگەر ئەنجوومەنی پیران رەزامەندیی لە سەر نەدات. ھەروەھا سەرۆك ناتوانێت ھیچ وەزیرێك یان باڵیۆزێك یان دادوەرێك دامەزرێنێت ئەگەر ئەم دامەزراندنە لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، موسادەقەی لەسەر نەكرێت.

ئەگەر كۆمارییەكان توانییان زۆرینەی خۆیان لە ئەنجوومەنی پیران بپارێزن، ئەو كات پێویستە لە سەر سەرۆكی داھاتوو جۆزێف بایدن، كە پێشتر بۆ ماوەی 36 ساڵ ئەندام بووە لەو ئەنجوومەندا، ھەموو تواناكانی خۆی بخاته‌گەڕ بۆ گەیشتن بە چارەسەری مامناوەندی لەگەڵ ركابەرەكانی لە كۆمارییەكان.