نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق پێویستی بە کۆمەڵێک سەرکردە هەیە بە ئاڕاستەی چاکسازی کار بکات
ئەمڕۆ سێسەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە دهۆک، دکتۆر محەمەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پێویستی گۆڕانکاری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە.
حەسسان بە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکە و بوونی لە "بەشە جوانەکەی عێراق کە هەرێمی کوردستانە"، دەستی بە قسەکانی کرد و ڕایگەیاند: "گفتوگۆکردن دەربارەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە بەوەی ئەمە جاری یەکەم نییە کە باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەکرێت. ئێمە چەندان جار ئەم دەستەواژەمان بیستووە."
نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا "هیچ کەس ناتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگڕێژ بکات، جگە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان." ئەو گوتی، "عێراق ماندوو بووە لە قەیران و شەڕ و ئاڵنگاری. ئێمە نزیکەی 400 ساڵە لە داگیرکاری و قەیران دەژین، 400 ساڵە بەسە!"
حەسسان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە گەلانی ناوچەکە بە ئاشتی و گفتوگۆ بژین و خەونەکانیان بەدی بهێنن. "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک گەلی تێدایە کە دەیەوێت بە ئاشتی بژی و پەرەپێدانیان هەبێت و لەسەر ئاستی جیهان ببن بە ئاراستەی پێشکەوتن."
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، وڵاتەکەی بە "شوێنی شارستانییەت" وەسف کرد و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاستەی لە ڕابردوودا هەیبوو، گومانی تێدا نییە داهێنان لێرەوە دەستیپێکرد و چووە ناوچەکانی دیکەی جیهان."
حەسسان هیواخواز بوو، عێراق بەرەو قۆناغێکی باشتر و "ئاڕاستەیەکی پرشنگدار" هەنگاو بنێت، بەڵام پێویستی بە "کۆمەڵێک سەرکردە هەیە کە لە گەلەکەی تێبگات و بە ئاراستەی چاکسازی کار بکات و ئامانجی سەرەکیشیان هەستانەوەی عێراق بێت."
دکتۆر محەمەد حەسسان جەختی لەسەر گۆڕانی جۆری ململانێکان کردەوە: "جەنگی داهاتوو جەنگی سیاسی نییە، بەڵکو جەنگی زانست و کولتوورە. ئەمە پێشبڕکێیەکە بە ئاراستەی زانست و زیرەکی دەستکرد و تەکنیکی پێشکەوتوو." ئەو داوای کرد کە سەرنج تەنیا لەسەر سیاسەت نەبێت، بەڵکو زیاتر لەسەر ئابووری و کولتوور بێت بۆ پێشخستنی نەوەکانی داهاتوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک میوانداری شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات.
کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە خۆ دەگرێت.
لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشدار دەبن.
ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.
