سوودانی لە مێپس: دەستدەکەین بە گفتگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ
سوودانی ڕایگەیاند، وایە هەموو لایەنە سیاسییەکان هاوڕان کە دەبێت لە زووترین کاتدا و بە گوێرەی کاتی دەستووری، حکوومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیدارە تایبەتییەکەیدا، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)، باسی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کرد.
سوودانی لەبارەی کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، گوتی: "بێگومان لە ھەموو ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانیدا، ئەنجامەکان یەکلاییکرەوە نەبوون بۆ پێکھێنانی حکوومەت و دەستەبەرکردنی داخوازییەکان".
لەبارەی ئەندامبوونی هاوپەیمانییەکەی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، سوودانی ئاماژەی بەوە دا: "ئەمڕۆ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەشێکی سەرەکیی پێکھاتەی چوارچێوەی ھەماھەنگییە. دوێنێش هاوپەیمانییەکە کۆبووەوە و بڕیاریاندا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبھێنن."
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەست بە گفتوگۆ دەکات، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تر لە چوارچێوەی ئاسۆی نیشتیمانیدا بۆ دەستەبەرکردنی شایستە دەستووریەکان، داڕشتنی کارنامەی حکوومەتی داهاتوو و دابەشکردنی پۆستەکان.
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێی وایە "ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە لایەن ھەموو ھێزە سیاسییەکانەوە بۆ پابەندبوون بە کاتی دەستووریی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە بە شێوەیەک بوو، بە ئارامی و بە ڕوونی و ھەتا ئێستاش ھیچ سکاڵایەکمان نییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ باوەڕی ھێزە سیاسیەکان بۆ دروستکردنی حکوومەت بە زووترین کات."
لە وەڵامی "خولی داهاتووش دەبیتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟" سوودانی ئەوەی خستەڕوو "سەبارەت بە خولی داھاتوو، ئاواتێکی کەسی نییە، بەڵکوو ئامادەییە بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیەک کە دەستمان پێکردووە. ھەروەھا سەرکەوتنی شایستەمان ھەیە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوپەیمانییەی کە لە پلەی یەکەمدا ھەڵبژێردرا لەو ھەڵبژاردنەدا. ھەروەھا پڕۆژە و ڕێکارمان ھەیە لە قۆناغی داھاتوودا. حکوومەت و شێوەی حکوومەت و ھێز و وردەکارییەکانی تر، ھەموو ئەمانە ئامرازی کارن. گرنگ ئەوەیە پڕۆژەکە چۆنە و چۆن دەتوانین پێشکەشی دانیشتووانی گەلەکەمان بکەین، کە داخوازییەکانیان بێتەدی.ئەمەش ئەركی ئێمەیە و ھەڵمان دەگرین وەک هاوپەیمانی لەگەڵ ھاوبەشەکانمان و ھێزە نیشتیمانییەکان."
