سوودانی لە مێپس: لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن هاوڕام

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مێپس 2025
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مێپس 2025

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوڕایە کە یاسای ئێستای هەڵبژاردن دەنگێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان بەهەدەر دەدات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیدارە تایبەتییەکەیدا، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)، باسی لە نیگەرانییەکانی کورد لە یاسای ئێستای هەڵبژاردن، کرد. 

سوودانی لەبارەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی عێراق گوتی: "ئێمە لەگەڵ سەقامگیر بوونی یاسای ھەڵبژاردن داین، چونکە دروست نییە لە ھەموو خولێکدا یاسایەک ھەبێت."

لەبارەی داوای سەرۆک بارزانی بۆ گۆڕینی یاساکە، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتی "ئێمە هاوڕاین لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی، لەبارەی بەفیڕۆچوونی دەنگەکان؛ چونکە کاتێک ئێمەش دەنگەکانی هاوپەیمانییەکەمان بەسەر کورسییەکاندا دابەش کرد، دەنگێکی زۆرمان بەفیڕۆ چوو. هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە، ملیۆنێک و 317 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ناگونجێت."

سوودانی ئاماژەی بەوەش دا "لە پەرلەمان بواری زیاتر ھەیە، پێویستە بە گفتوگۆ یان ڕاپۆرتێک لە لایەن نوێنەرانی گەلەوە ئامادە بکرێت، تا بتوانین یاسایەکی دادپەروەر دابنێین کە ڕەنگدانەوەی دەنگی هاووڵاتییان بێت و ڕێ لە بەهەدەردان و بەفیڕۆچوونی دەنگەکان بگرێت."

 

 
 
 
 
 

 

لەبارەی ئەندامبوونی هاوپەیمانییەکەی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، سوودانی ئاماژەی بەوە دا: "ئەمڕۆ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەشێکی سەرەکیی پێکھاتەی چوارچێوەی ھەماھەنگییە. دوێنێش هاوپەیمانییەکە کۆبووەوە و بڕیاریاندا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبھێنن."

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دەست بە گفتوگۆ دەکات، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تر لە چوارچێوەی ئاسۆی نیشتیمانیدا بۆ دەستەبەرکردنی شایستە دەستووریەکان، داڕشتنی کارنامەی حکوومەتی داهاتوو و دابەشکردنی پۆستەکان. 

سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێی وایە "ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە لایەن ھەموو ھێزە سیاسییەکانەوە بۆ پابەندبوون بە کاتی دەستووریی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە بە شێوەیەک بوو، بە ئارامی و بە ڕوونی و ھەتا ئێستاش ھیچ سکاڵایەکمان نییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ باوەڕی ھێزە سیاسیەکان بۆ دروستکردنی حکوومەت بە زووترین کات."

Fly Erbil Advertisment