سوودانی لە مێپس: هیچ هۆکارێک نییە نەریتی دابەشکردنی پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکە بگۆڕین
سوودانی ڕەتی دەکاتەوە، هیچ هۆکارێک بۆ گۆڕینی نەریتی دابەشکردنی پۆستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیدارە تایبەتییەکەیدا، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)، باسی لە داوای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددوم کرد، بۆ پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە پێکهاتەی سوننە.
سوودانی دووپاتی کردەوە، ئەو نەریتە سیاسییەی هەیە بۆ دابەشکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان) لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵاتدا؛ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و پڕۆسەی سیاسییدا دانراوە و " ئێمە هیچ هۆکارێک بۆ گۆڕینی نابینین."
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، ئەوان، بەرژەوەندیی عێراق و هاووڵاتییانی لە پێش بەرژەوەندیی کەسێک، حزبێک، یان پێکهاتەیەکی دیاریکراودا دادەنێن، بۆیە "کاتێک دابونەریتی سیاسی بەشدار بێت لە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان، ئەوا هیچ هۆکارێک بۆ گۆڕینی نابینین."
لەبارەی فشاری وڵاتانیش لەسەر عێراق، سوودانی دووپاتی کردەوە "من لە دوو حکوومەتی پێشوودا وەزیر بووم و ئێستاش سەرۆک وەزیرانم، ڕووبەڕووی هیچ فشارێکی دەرەکی نەبووینەتەوە. عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هیچ وڵاتێک. ئێمە ڕێز لە هەموو پەیوەندییەکانمان دەگرین؛ پەیوەندیی بەهێزمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا هەیە. ئەو قسانەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە پاڵەپەستۆ دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە."
سەرۆک وەزیران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە "هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدا بێت، لەژێر هیچ فشارێکدا ناگۆڕێت."
