لێدوانی وەزیری دارایی عێراق بۆ کوردستان24 لەبارەی خەرجکردنی مووچە
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، دوای هەفتەیەکی دیکە مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی "مێپس" لە دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، باسی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (9) و مانگەکانی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لە وەڵامی پرسیاری "کەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9) خەرج دەکرێت؟" وەزیری دارایی عێراق بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای نزیکەی هەفتەیەکی دیکە ئینشائەڵڵا."
لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەش، وەزیری دارایی عێراق گوتی "کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەکانی پێداین، تەرازووی پێداچوونەوە، داهاتی نانەوتی و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە، هەموو شتێک چارەسەر دەبێت ئینشائەڵڵا."
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە "زۆر دوا کەوتووە". گوتیشی " دواخستنی ناردنی ئەم مووچەیە هیچ پاساوێکی نییە. نەک تەنیا ئەم مووچەیە، هەموو مووچەکانی ئەمساڵ."
بە گوتەی مەسرور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، تا مووچەی فەرمانبەرانی مانگانە لە کاتی خۆیدا لە لایەن وەزارەی دارایی فیدراڵەوە خەرج بکرێت، بەڵام ئەوان بەبێ هیچ پاساوێک خەرجکردنی مووچەکە دوادەخەن.
