سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە: پەیماننامەی سایکس-پیکۆ پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بوو

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی 'مێپس2025' گوتی: دارشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی دیدگای دەرەکی و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە، سەرناگرێت و دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و کێشەی بەردەوام.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، گوتیشی: پەیماننامەی سایکس – پیکۆ  مافی گەلانی ناوچەکەی پێشێل کرد و بووە هۆی سەرچاوەی ناسەقامگیریی و ئاژاوەی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

خەمیس خەنجەر، جەختی لەوە کردەوە "گرووپی تیرۆریستی داعش، لە ژێرناوی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیدا، پەلاماری ناوچەکەیان دا، ئەمەش بەشێک بوو لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بۆ دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامیدان بە کێشە و قەیرانەکان."

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەییەکان، هەرگیز سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نایەت. دەبێت کێشە گەورەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێن، وەک کێشەی گەلی فەڵەستین لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا؛ هەروا چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد لەسەرجەم ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا دەژین.

خەمیس خەنجەر، داواکارییەکانی پێکهاتەی سوننەی بۆ دامەزراندنی عێراقێکی یەکگرتوو بەهێز خستەڕوو و گوتی: دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندی دەستوور بن. دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەشداریی حکوومەت بکەن. داواکارین بە زووترین ئاوارەکانمان بگەڕێنەوە شار و دێهاتەکانی خۆیان و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانمان ئاشکرا بکرێت و زیندانییە بێتاوانەکان ئازاد بکرێت.

 سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە کۆتایی وتارەکەیدا گوتی: هەندێک وڵات لە بەرژەوەندیی گرووپە چەکدارەکانیدا، بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکای گەلەکەمان، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەماندا دەکەن، کە دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment