پەرلەمانتارێکی تورکیا لە دهۆک: تورکیا هەوڵ بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و چارەسەری کێشەکان دەدات

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە میانەی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)، فەرهاد ناسرئۆغلو، ئەندام پەرلەمانی تورکیا، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ پتەوکردنی ئاشتی لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی.

ناسرئۆغلو ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ ئاگربەست و چارەسەرکردنی ململانێکان لە جیهاندا، وەک نموونە کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیای هێنایەوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بە "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا" کرد، ئێستا لە ئارادایە و بە "هاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان" وەسفی کرد.

پەرلەمانتارە تورکییەکە باسی لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بەتایبەتی لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. ئەو جەختی کردەوە، ئاشتی لەم وڵاتانەدا لە بەرژەوەندی هەموواندایە و تەنیا بۆ وڵاتێک باش نییە. "ئەگەر پرۆسەی ئاشتی هەبێت، گەشتیار و پەیوەندییەکان باشتر دەبن، کەرتی وزە دەبووژێتەوە و کشتوکاڵ و خۆراک باشتر دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو شتێک دەبێت."

ناسرئۆغلو ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەمیشە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و لە پرۆسە ئاشتییەکاندا بەشدار دەبێت.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئەندام پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر گرنگی چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکانی تورکیا و گوتی: "لە 40 ساڵی ڕابردوودا، ئێمە دوو ملیار دۆلارمان خەرج کردووە بۆ کێشەکانی ناوخۆی خۆمان، هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو گرفتە چاک بکەین و نەیهێڵین."

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک میوانداری شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات.

کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە خۆ دەگرێت.

لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشدار دەبن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتیی، لەگەڵ ڕوانینێک بۆ ئاسایشی گشتیی و سەقامگیری ناوچەکە.

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment