عەممار حەکیم: پێویستە دیالۆگ جێگەی ململانێ بگرێتەوە

عەممار حەکیم دەڵێت: ناکرێت سەقامگیری لە وڵاتێکدا هەبێت، ئەگەر میللەتەکەی بەدەست چینایەتیی و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە بناڵێنێت هەروەها ناکرێت سەقامگیری لە ناوچەیەکدا هەبێت ئەگەر سووکایەتی بە بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییانی بکرێت.

عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە گۆتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس25 خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداری لە کۆڕبەندکە ڕاگەیاند و گوتی: بە دەرفەتی دەزانم و ڕێز و سڵاوی خۆم بە گەلی کوردستان و خانەوادەی بارزانی بگەیەنم، کە سیمبولی مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردە و ڕۆڵی گرنگیان لە پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی عێراقدا هەیە.

هەر لە گوتارەکەیدا جەختی کردەوە " وەکوو گەلی عێراق شانازی دەکەین بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە ڕووی ئامادەکاری و ئەمنی و بەشداری بەرفراوان و کاریگەری میللەتەکەمان لە هەموو پارێزگاکاندا.

عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەرنجی خستە سەر چەند خاڵێک لە گوتارەکەیدا، لە یەک نزیککردنەوەیەکی نوێی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە سەلماندویانە، کە ئاسایش و سەقامگیری تەنیا بە پلانی سەربازی نایێنە دی، بەڵکوو سەقامگیری پشت بە چەند هۆکارێکی دیکەش دەبەستێت کە دیارترینیان هاوبەشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوسەنگە.

هەروەها ئاماژەیدا، ئاسایشی ئەمڕۆ ئاسایشی وزە و کەشوهەوا و خۆراک و ئاو و کۆمەڵگە و سنوور و وەبەرهێنان و هەمووی لەخۆ دەگرێت و هەمووی بەیەکەوە بەستراوە و هەر کێشەیەک لە هەر یەکێکیان کاردانەوەی بەسەر ئەوانی دیکەش دەبێت.

عەممار حەکیم جەختی کردەوە، ناکرێت سەقامگیری لە وڵاتێکدا هەبێت ئەگەر میللەتەکەی بەدەست چینایەتیی و نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە بناڵێنێت، هەروەها ناکرێت سەقامگیری لە ناوچەیەکدا هەبێت ئەگەر سووکایەتی بە بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییانی بکرێت.

هەروەها ئاماژەی بە خاڵێکی دیکە دا و گوتی: سەرەڕای ئاستەنگەکان و ئەو هەموو کێشانەی کە پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام عێراق نموونەیە بۆ دەرفەتپێدان و توانیویەتی پێگەو و ڕۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆی بگەڕێنێتەوە.

گوتیشی: ئێستا نەوەیەکی گەنج هەیە کە وزە و هۆشیاری هەیە و پێویستی بە پاڵپشتی ڕاستەقینەیە، بۆ وەرگێڕانی ئەم توانایانەی بۆ پرۆژەی ڕاستەقینە لەبری ئەوەی ڕوو لە کۆچکردن و بێئومێدی بکەن، ئێستا کاتەکە گونجاوە دوای ئەو سەرکەوتنەی کە ڕۆڵەکانمان بەدەستیان هێنا لە بەشداریکردنە فراوانەکەیاندا کە ئەمەش بەرپرسیارییەتییەکە دووهێندە دەکات، پێویستە لە زووترین کات حکوومەتێکی بەهێز و پڕ شکۆ پێکبهێنین کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانمان بکات.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی پەیامێکی ئاراستەی لایەناکن کرد و گوتی: لێرەوە داوا لە هەموو سەرۆک حزبەکان دەکەم کە بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاو بگرن و تا بەیەکەوە هاوکاربین لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لە بڕیاردان و کاریگەر لە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی و هۆشیار بێت لەو دەرفەت و ئاستەنگانەی کە لە ناوچەکەدا هەن.

هەروەها داوای کرد دیالۆگ جێگەی ململانێ بگرێتەوە و گوتی: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ دروستکردنی چارەسەر  بگۆڕێن، چونکە دیالۆگ تاکە ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی ئابووری مسۆگەر.

هەروەها عەممار حەکیم جەختیشی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بزانێت عێراق لە ناسنامەگەری دا ناژیت بەڵکوو کێشەی لە ئیدارەدانی ئەو فرەجۆرییە هەیە و چاکسازی ڕاستەقینە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەرز نرخاندنی یاسا و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان  بە شەفافیەت  دەستپێدەکات.

عەممار حەکیم لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، ئێمە بڕوامان وایە کە هاوبەشی ڕاستەقینە نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی دەستووری دابنرێت نەوەک لەسەر ململانێ و کێبرکێ، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی دەستوورییە و هەر ئاڵۆزییەک لە پەیوەندییەکان کاریگەری نەرێنی بەسەر هەموواندا دەبێت.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment