دەیڤید تەفوری: کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەیانەوێت لە کوردستان کاربکەن

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی کوردستان-ئەمەریکا ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا پاڵپشتیی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا دەکات و دەیەوێت کۆمپانیای زیاتری ئەمەریکی لێرە وەبەرهێنان بکەن. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دەیڤید تەفوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی کوردستان-ئەمەریکا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێپس2025، لە دهۆک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، ئەم کۆڕبەندە هەموو کات گرنگە، چونکە سەرکردەکان بەیەک دەگەیەنێت.

تەفوری ئاماژەی بەوەشدا کە کۆڕبەندی ئەمساڵ زۆر گرنگترە، چونکە دوای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی بەغدا لێرەوە دەست پێدەکات.

تەفوری جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور دەبێت هێڵی یەکلاکەرەوە بێت لە نێوان تێڕوانینە جیاوازەکاندا و پێویستە لەلایەن هەموو سیاسەتمەدارانی عێراقییەوە ڕەچاو بکرێت، چونکە پشتگوێخستنی دەستوور دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تائیفەگەری.

لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، تەفوری ئاشکرای کرد، کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لە واشنتن هەوڵ دەدات کۆمپانیای زیاتری ئەمەریکی هان بدات بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها پاڵپشتی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن.

هەروەها گوتیشی، گفتوگۆیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کردووە کە لە کەرتی وزە کاردەکەن، هەروەها کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆجیا، ژێرخان و کشتوکاڵیش خواستی وەبەرهێنانیان لە کوردستان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار لە داهاتوودا.

 

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment