لێدوانی مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24 لەبارەی پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی نوێی عێراق و کوردستان

لێدوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24
لێدوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەستوور جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ئیمان دەرباس، نێردراوی کوردستان24 بۆ شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)ـی دایەوە. 

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی "مێپس"، چەند ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، پێگە و گرنگیی کۆڕبەندەکە و شاری دهۆک نیشان دەدات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ژمارەیەک زۆر لە بەرپرسانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵی لە کۆڕبەندەکەی "مێپس"ـدا بەشدارن و "بێگومان گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەکرێت."

مەسرور بارزای لەبارەی مەرجی پارتی بۆ بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراق، ئەوەی خستەڕوو، مەرجەکانیان زیاتر لەسەر ئەجێندای حکوومەتەکە دەبن "کە چ ئەجێندایەکیان دەبێت بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمە مەرجی سەرەکیی ئێمەیە بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەچینە پێش و پشتیوانی لە حکوومەتی داهاتوو دەکەین لەسەر ئاستی فیدراڵی."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق کاری زیاتر بە دەستوور بکرێت "بنەمای دەستووریش، ئەم هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانەیە. داواکارین ئەمانە ڕەچاو بکرێن."

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک وەزیران گوتی "هەڵومەرجی جیاوازی هەیە، بەڵام ئێمە پێمانخۆشە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک کە حکوومەتێکی بنکە فراوان بێت و وەڵامدەرەوەی هەموو داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، ڕابگەیەندرێت و بە ئەنجام بگات."

سەرۆک وەزیران داوای لە خەڵکی کوردستان کرد، پشتگیری لە هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ بکەن کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) کاندیدی بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ.

 

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment