فوئاد حوسێن: هەفتەی داهاتوو مووچە دێت.. "پۆستی سەرۆک کۆماریش هەر بۆ کورد دەبێت"

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن دووپاتی دەکاتەوە، هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دێت. جەختیش دەکاتەوە، "پۆستی سەرۆک کۆمار هەر بۆ کورد دەبێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)؛ باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵی، خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە کرد. 

لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، دوێنێ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئاماەدبوونی وەزیرە کوردەکانی دیکە، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە، کێشەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9) چارە بکرێت و هەفتەی داهاتوو دەدرێت. 

بە گوتەی فوئاد حوسێن، تەیف سامی کە بە یاوەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتووەتە دهۆک بۆ بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس؛ دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرخ دەکات. 

پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، نەخشەی هاوپەیمانییەتییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو هێشتا ڕوون نییە و گوتی: "ئێمە لە سەرەتاداین، پێویستە دانوستانەکان زیاتر بن و دوای ئەوە هاوپەیمانییەتییەکان دروست دەکرێن."

فوئاد حوسێن کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە وەڵامی "پشتگیریی کێ دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق؟".. دووپاتی کردەوە: "ئێمە پشتیوانی لە هەر کەس و لایەنێک دەکەین کە پابەندی دەستوور بێت و دەستوور جێبەجێ بکات."

لەبارەی داوای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "تەقەددوم" کە گوتبووی "پێویستە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە کورد بدرێت" فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، "پۆستی سەرۆک کۆمار، هی کوردە و هەر بۆ کورد دەبێت."

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment