نەجم جبووری: پارتی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دەبێت

نەجم جبووری، سەرۆکی لیستی نەینەوا لیئەهلیها و پارێزگاری پێشووی نەینەوا، لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس 25 بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند، ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی گرنگە بۆ گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

پارێزگاری پێشووی نەینەوا، گوتی: ئێمە لە نەینەوا هەر لایەنێک خزمەت بە عێراق و نەینەوا بکات، هاوکاریی دەکەین. لێرە، کێشەی زۆر و گەورەمان هەیە، هەر پارت و لایەنێک هاوکاربێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە، ئێمە پشتیوانیی دەکەین. 

جبووری، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک، میوانداریی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات.

کۆڕبەندەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوونە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشداری ئەم کۆڕبەندەن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment