لێدوانی تایبەتی سوودانی بۆ کوردستان24 لەبارەی مووچە و پێكهێنانی حکوومەت

=
=

سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات، خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. دەشڵێت "هیچ ئاڵنگارییەک لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا نابێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ئیمان دەرباس، نێردراوی کوردستان24 بۆ شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025)ـی دایەوە. 

لەبارە پێكهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سوودانی بە کوردستان24ـی گوت "ئینشائەڵڵا هیچ ئاڵنگارییەک لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا نابێت، کۆدەنگی و سازانی نیشتمانی هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەركەوتەكانی هەڵبژاردن بە زووترین کاتدا."

سوودانی باسی لەوەش کرد "ڕێككەوتنمان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان كردووە و جێگرەوی دیكەمان نییە و ئەمە بەردەوام دەبێت."

لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد "کێشەی زۆری مووچەمان چارەسەر كردووە و مووچە بەردەوام دەبێت."

سوودانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە بۆ جاری یەکەمە سەردانی شاری دهۆک دەکات و وەک خۆی گوتی، بە سروشتی شارەکە سەرسامە و کەشێکی زۆر جوانی هەیە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک، میوانداریی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات. کۆڕبەندەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوونە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشداری ئەم کۆڕبەندەن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment