سوودانی لەبارەی مووچە و بودجەی کوردستان دڵنیایی دەداتە مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەم 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەدا، هەردوولا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لە یەکتر کرد و خوازیاربوون ببێتە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە پێناو سەقامگیریی دۆخی عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوازییە گشتییەکان لە عێراق.

وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. لەم بارەیەوە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، دووپاتی کردەوە، مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بەپێی ڕێککەوتنەکان دەدرێت و بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش، هەرێمی کوردستان، بەشەبودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتيی فیدراڵ دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، دهۆک، میوانداریی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) کرد، کە وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ناوچەکە خزمەت دەکات.

کۆڕبەندەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵا هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوونە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەدان سەرکردەی سیاسی، دیپلۆمات و کەسایەتی ئەکادیمی بەشداری ئەم کۆڕبەندەن.

ئامانجی سەرەکی MEPS ئەمساڵ، تاوتوێکردنی ململانێ و ئالنگارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەن و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment