هۆشیار زێباری: پێویستە عێراق پاشکۆی هیچ وڵاتێک نەبێت

وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگی پەیڕەوکردنی سیاسەتی متمانە بەخۆ بوون دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە وڵات متمانەی بەخۆی هەبێت و لە کاتی بڕیاردان سەیری ڕاست و چەپی خۆی نەکات.

ڕۆژی سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، هۆشیار زێباری دیپلۆمات و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە پانێلێکدا بە ناونیشانی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: هەڵسەنگاندنی ئاڵنگاری و ئاسۆی هەرێمی" لە کۆڕبەندی مێپس گوتی: ساڵی ڕابردوو کەس لەو بڕوایەدا نەبوو کە ئەو هەموو ڕووداوانە لە ساڵێکدا ڕوو بدەن و بەم جۆرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهەژێت.

هۆشیار زێباری گوتیشی: ئاڵنگاری زۆر گەورە لە بەردەم عێراقدا هەیە و من پێموایە کۆتایی نەهاتووە و ڕانەگیراوە و لە هەرکاتێکدا ئەگەر هەیە، گەردەلوول ئاسا سەرهەڵداتەوە.

هەروەها هۆشیار زێباری ئاماژەیدا، ئاڵنگارییەکی دیکەش هەیە کە بریتییە لە هێزە نافەرمییەکان (میلیشیاکان)، پێویستە حکوومەت  کۆنترۆڵیان بکات و بیانخاتە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری.

هۆشیار زێباری  ئاماژەی بە سیاسەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: هەوڵمانداوە ببین بە هێزێک بۆ سەقامگیری و پردێک لەنێوان بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، ئەمەشمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنیازکردووە، کە حکوومەت بە چ ئاراستەیەک کار بکات.

فاکتەرێکی دیکەی ناسەقامگیری بە گوتەی هۆشیار زێباری بریتییە لە لاوازی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق گوتیشی: هەر وڵاتێک  بیەوێت بەهای هەبێت و ڕێزی بگیرێت، پێویستە سیاسەتی خۆی هەبێت و پەیڕەوی بکات، نەوەک پاشکۆی سیاسەتی وڵاتانی دیکە بێت؛ عێراقیش پێویستە پابەندی ئەم بنەمایە بێت، سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەبێت، بەڵام پێویست ناکات شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت، بەڵکوو دەبێت بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی عێراق لەسەر وڵاتانی عەرەبی بێت.

لەبارەی پرۆسەی ئاشتی تورکیاوە هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، ئەمە باشترین بەرەوپێشچوونە تورکیا پێیگەیشتبێت، ئەوەی باشە کە هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لەم پرۆسەیە دەکەن.

گوتیشی: پرۆسەی ئاشتی پێگەی کوردی زۆر بەهێزتر کردووە، وەکوو چەندین جار لەمەوبەر سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە، ئاشتی تاکە چارەسەرە و کێشەی کورد تەنیا بە چەک چارەسەر ناکرێت و لە کۆتاییدا هەر دەبێت دیالۆگ هەبێت و هەمان هەڵوێستمان لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەیە و پاڵپشتیمان کردن کە بچنە نێو ڕژێمی نوێی سووریا.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment