کارمەندانی تەندروستی لە دیاربەکر داوای زیادكردنی بودجهی تهندروستی دهكەن
سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی و تەندروستی لە دیاربەکر لە بەردەم نەخۆشخانەی مەشق و توێژینەوەی گازی یاشارگیل گردبوونەوە.
نوێنەرانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی ئاماژەی بەوە دەکەن، کۆتایی بە شەڕ و ململانێکان هاتووە و پێویستە لە بودجەی 2026 گرنگی زیاتر بە کەرتی تەندروستی بدرێت.
محەممەد نوور، هاوسەرۆکی سەندیکای کرێکارانی تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەیەکی زۆر بودجەی تورکیا بۆ شەڕ خەرج دەکرا، بەڵام وەک دەبینرێ شەڕ و ململانێکان وەستاون، ئەمە دەرفەتێکە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی بودجەی تەندروستی زیاد بکات.
شەنگوڵ قارەمان، بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکاران گوتی: پێویستە باجی قورس لەسەر کرێکاران هەڵبوەشێنرێتەوە، دەرمانی گرانبەها بۆ نەخۆشییە سەختەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ نەخۆشەکان دابین بکرێت، خزمەتگوزاری تەندروستی بە زمانی دایک و بێ بەرانبەر دابین بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بارگرانی لەسەر کارمەندانی تەندروستی زۆرە و داهاتیان بەشی پاڵپشتیکردنیان نییە، پیویستە بارودۆخی کارکردنیان باشتر بکرێت و کەرتی تەندروستی نابێت کەرتی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکان.
لە بودجەی ساڵی 2025دا، ترلیۆنێک و 20 ملیار بۆ وەزارەتی تەندروستی لە تورکیا تەرخانکراوە.
