ڕۆیتەرز: ئەمەریکا فشار لە ئۆکرانیا دەکات بە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەک، ئەمەریکا فشارەکانی سەر ئۆکرانیا بۆ ڕازیبوون بە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ کردووە، هاوکات هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و زانیاریی هەواڵگریی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوە ئاگادار لە بابەتەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە دواین گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا، واشنتن هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و زانیاریی هەواڵگریی بە کیێڤ کردووە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بێت

ئاماژەشیان داوە، ئەمەریکا فشارێکی زۆری لە ئۆکرانیا کردووە بۆ ئەوەی پێنجشەممەی داهاتوو پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکات؛ هەروەها یەکێک لە سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا دەیەوێت بە قوربانیدانی ئۆکرانیا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن.

دوێنێ پێنجشەممە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و شاندێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا لە کیێڤ لە بارەی ڕێگە چارەسەری ئاشتی کۆبوونەوە.

هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، پلانە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا بەبێ بەشداری ئۆکرانیا و ئەورووپا ئامادە کراوە، کە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات لە وانەش دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک ناوچە، کەلوپەلی سەربازی و کەمکردنەوەی قەبارەی سەربازی ئەو وڵاتە.

هەروەها ئەمڕۆ هەینی سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا داوایان کردبوو، دەبێت لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت و لە پرۆسەکە بەشدارییان پێ بکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment