پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ, ئۆکرانیای نیگەران کردووە

سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و پاراستنی خاکەکەی دەیەوێت پلانێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی واشنتن بکات، هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، سەرۆکی وڵاتەکەی لەگەڵ هەر دوو وڵات لەو بارەوە لە گفتوگۆ دایە.

ڤۆلۆدیمێر، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و تێیدا باسیان لە وەردەکاری پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووە. دەشڵێت: پەیوەندییەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خەیاندووە و دەمانەوێت هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی بنێین.

باسی لەوەش کردووە، لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئاستی ڕاوێژکاری کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی پتەو بکەن.

هەروەها زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، پێشنیازی پلانێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئەمەریکا دەکەین، جەختیشی کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک خیانەت لە گەلەکەیان ناکەن.

باسی لەوەش کردووە، ئۆکرانیا لە دوو بژاردەی زۆر سەخت دایە، یان دەبێت شکۆی لە دەست بدات، یانیش هاوبەشێکی سەرەکی و گەورە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، پێنجشەممەی داهاتوو کاتێکی گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بە پلانی جەنگی ئۆکرانیا، دەشڵێت: ئۆکرانیا خاک لەدەست دەدات و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش چیتر بە دوای خاکی زیاتر وە نابێت. دووپاتیش کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا نیازی نییە سزاکانی سەر مۆسکۆ هەڵبگرێت.

هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ترەمپ لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆتاییهێنان بە جەنگ

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوە ئاگادار لە بابەتەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە دواین گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا، واشنتن هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و زانیاریی هەواڵگریی بە کیێڤ کردووە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بێت

هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، پلانە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا بەبێ بەشداری ئۆکرانیا و ئەورووپا ئامادە کراوە، کە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات لە وانەش دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک ناوچە، کەلوپەلی سەربازی و کەمکردنەوەی قەبارەی سەربازی ئەو وڵاتە.

هەروەها ئەمڕۆ هەینی سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا داوایان کردبوو، دەبێت لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت و لە پرۆسەکە بەشدارییان پێ بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، لەبارەی پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەشێوەی فەرمی هیچیان بەدەست نەگەیشتووە، گوتیشی: پێویستە سەرقاڵی ئەو پێشنیازانە بین کە لەسەر مێزی دانوستان ئامادەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment