سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین داوای بە هاناوەهاتنی جووتیاران دەکات
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین، ڕایگەیاندووە، لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی وشکەساڵی کە ساڵانێکە عێراقی گرتووەتەوە و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ ئاستێکی مەترسیدار، لەوانەیە کەرتی کشتوکاڵ بچێتە حاڵەتێکی ئیفلیجەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک و بژێوی سەدان هەزار خێزان دروست دەکات.
عادل سمێدەعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدیین، بە ئاژانسی هەوڵی "بەغداد"ی، ڕاگەیاندووە، کشتوکاڵ کەرتێکی سەرەکییە لە عێراقدا، بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی 45-50%ـی هەلی کاری بۆ هاووڵاتییانی عێراق ڕەخساندووە، ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری دانیشتووان ڕاستەوخۆ پشتی پێببەستن، جگە لە دەیان پیشەی دیکە کە لە کەرتی کستووکاڵ سوودمەند دەبن و گەشە دەکەن، هاوکات سەرچاوەی بژێوی سەدان هەزار خێزانە لە سەرتاسەری عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردووە، قەیرانی ئێستای ئاو زۆر سەخت و درێژە کێشە نەک بابەتێکی کاتیی، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری سێ ڕێکاری بەپەلەی فریاگوزاریی هەیە، لە هەمووی گرنگتر ڕاگرتنی لێبڕینی سوودی قەرز لە جووتیاران و بەخێوکەرانی ئاژەڵ، وەستاندنی لێبڕینی کرێی ئاودێری و کرێ بۆ گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە پلانی وەرزی و ساڵانەی کشتوکاڵی نایانگرێتەوە.
جەختی لەوە کردووەتەوە، خاڵی سێیەم بریتییە لە پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێستای ناوچە کشتوکاڵییەکان، هەروەها گرنگیدان بە سیستەمی ئاودێری مۆدێرن، هاوکات گرتنەبەری پلانێکی ستراتیژی کە ڕێنمایی جووتیاران دەکات بۆ داچاندنی ئەو بەرووبوومانەی کەمترین ئاویان پێویستە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترێت.
عادل سمێدەعی، باسی لەوەش کردووە، کشتوکاڵ بەشێکی بنەڕەتییە لە چەمکی ئاسایشی خۆراک، پاراستنیشی پێویستییەکی نیشتمانییە، چونکە داڕمانی تەواوەتی ئەو کەرتە دەبێتە هۆی کاردانەوەی توند بۆ گوندنشینەکان، هاوکات دەتوانێت دەرگا بەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەختدا بکاتەوە.
بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی، ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە حکوومەت چەندین جار پلانی کشتوکاڵی کەم بکاتەوە، هاوکات ئەو زەوییانەی بە گەنم و جۆ دەچێنرێن کەم بکاتەوە، ئەمەش وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران، بە تایبەت گوندنشیان کۆچ بکەن بۆ شارەکان، لەم بارەیەشەوە چەندین جار لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و بەرپرسەوە هۆشداری دراوە بە حکوومەتی عێراق کە لەوانەیە ئەم ڕووداوانە کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە.
