پوتن: ئۆکرانیا پلانی ئاشتی ڕەت بکاتەوە، خاکی زیاتر لەدەست دەدات
پوتن: پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنانی لە ئۆکرانیا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان لە ئۆکرانیا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی، هاوکات هۆشداریش دەدات ئەگەر کیێڤ پلانەکە ڕەت بکاتەوە، ئەوا خاکی زیاتر لەدەست دەدات.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی باسی پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە کیێڤ دژی ئەو پلانەیە.
دەشڵێت: لەو باوەڕەم ئەو پلانە بەردی بناغە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەنێت؛ هاوکات سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازی نەبێت، ئەوا خاکی دیکەی زیاتری ئەو وڵاتە داگیر دەکەن.
سەرۆکی ڕووسیا ئاشکراشی کرد، وڵاتەکەی کۆپییەکی ڕەشنووسی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدەست گەیشتووە؛ دووپاتیشی کردەوە، بۆ دانوستانەکان ئامادەن، بەڵام دەبێت بە وردی گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی پلانەکە بکرێت.
هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، پلانە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا بەبێ بەشداری ئۆکرانیا و ئەورووپا ئامادە کراوە، کە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات لە وانەش دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک ناوچە، کەلوپەلی سەربازی و کەمکردنەوەی قەبارەی سەربازی ئەو وڵاتە.
هەروەها ئەمڕۆ هەینی سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا داوایان کردبوو، دەبێت لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت و لە پرۆسەکە بەشدارییان پێ بکرێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، پێنجشەممەی داهاتوو کاتێکی گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بە پلانی جەنگی ئۆکرانیا، دەشڵێت: ئۆکرانیا خاک لەدەست دەدات و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش چیتر بە دوای خاکی زیاتر وە نابێت. دووپاتیش کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا نیازی نییە سزاکانی سەر مۆسکۆ هەڵبگرێت.
هەروەها ڤۆلۆدیمێر، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، پێشنیازی پلانێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئەمەریکا دەکەین، جەختیشی کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک خیانەت لە گەلەکەیان ناکەن.
زێلێنسکی ڕاشیگەیاند بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و تێیدا باسیان لە وردەکاری پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووە.
هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ترەمپ لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوە ئاگادار لە بابەتەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە دواین گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا، واشنتن هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و زانیاریی هەواڵگریی بە کیێڤ کردووە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بێت.
