داعش لە دێرەزوور هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئاسایشی سووریا و هەسەدە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئێوارەی هەینی چەکدارانی داعش چەند خاڵێکی ئەمنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور کردووەتە ئامانج.
گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "چەکدارانی داعش بە نارنجۆکێکی موشەکی بنکەیەکی ئەمنیی هێزەکانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لەنێوان هەردوولادا لە شارۆچکەی دیبان لە گوندەکانی دێرەزوور. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانە گیانی و ماددیش ڕانەگەیەندراوە".
لەلایەکی دیکەشەوە ڕوانگە بڵاوی کردەوە، "شانەکانی داعش بە دۆشکە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی سووریان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ئاڵوگۆڕی پچڕپچڕی پێکدادان لە شارۆچکەی ئابرێحە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانە گیانی و ماددییەکان ڕانەگەیەندراوە. هەروەها گرووپەکە بە چەکی مامناوەند هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی عەرقووب کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، دواتر تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی سوسە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی دێرەزوور ڕوویدا".
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، 224 ئۆپەراسیۆنی بەڵگەدار کردووە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە لەلایەن شانەکانی داعشەوە لەو ناوچانەدا ئەنجامدراون و لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە کۆنترۆڵکراون. هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە بریتی بوون لە هێرشی چەکداری، تیرۆرکردنی ئامانجدار و بۆردومان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی ڕوانگە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی کوژرانی 98 کەس: 69 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە خۆی؛ 13 ئەندامی داعش؛ 15 هاووڵاتی مەدەنی؛ و هاووڵاتییەکی دیکە کە هاوکاریی هەسەدەی کردووە.
