ئێران بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێک داوای یارمەتی لە وڵاتانی دۆست دەکات

زیاتر لە دوو هەفتەیە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی مەرزنئاباد لە پارێزگای مازندەرانی ئێران کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ  نەکراوە.

شەممە، 22ـ تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'میهر' بڵاوی کردەوە "ئاگری دارستانەکانی 'ئەلیت' لە ناوچەی مەرزنئابادی سەر بە پارێزگای مازندەران، زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و سەدان هێکتاری ئەو دارستانە سووتاون."

میهر، لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی "سەرباری هەوڵ و تەقەللای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خۆبەخشانی ناوچەکە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە؛ چونکە ناوچەکە سەختە و ڕێگای گەیشتنی ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوەی نییە. جگە لەوە، وشکەساڵیش بووتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی و بە پەلە گەشە بکات."

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، شەش هێلیکۆپتەری ئاگرکۆژێنەوەی سوپای ئێرانیش بەشداریی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن. تا ئێستا شەش کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوونە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. 

محەمممەد جەعفەر قائیمپەنا، یاریدەدەر جێبەجێکاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئاژانسەکانی ناوخۆی ڕاگەیاند "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئاگرەکە دەکەین و لەگەڵ دەزگا پەیوەندییدارەکاندا هاوئاهەنگیی دەکەین. بەڵام 'با'ی بەهێز و سەختیی ناوچەکە و وشکەساڵی ئاگرەکەیان بە هێزتر کردووە."

قائیمپەنا، گوتیشی: مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئاگرەکە فراوانتر بێت و بگاتە دارستانەکانی دەوروبەر؛ سەرباری بەشداریی17 تیمی ئاگرکوژێنەوە و شەش هێلیکۆپتەر لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە داوای یارمەتیی  بە پەلەمان لە وڵاتانی دۆست کردووە.

یاریدەدەر جێبەجێکاری سەرۆک کۆمار، ڕوونی نەکردەوە مەبەستی لە 'وڵاتانی دۆست' کێیە. بەڵام قسەکانی نیشانەی سەختیی بارودۆخەکە و گەورەیی ئاگرەکەن.

تا ئیستا زیانەکانی سووتانی دارستانەکانی مەرزنئاباد ئاشکرا نەکراون؛ بە گوێرەی شایەتحاڵان، ژمارەیەکی یەکجار زۆر داری بەتەمەنی جۆراوجۆر سووتاون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment