نوێنەرێکی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس بەهۆی دۆسیەی ئیپستین دەستی لەکارکێشایەوە
مارجۆری تایلۆر گرین، یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی باڵی ڕاستی توندڕەوی پارتی کۆمارییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆنگرێس ڕاگەیاند، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پاڵپشتیکردنی هات لەسەر دۆسیەکانی 'جیفری ئیپستین'.
مارجۆری تایلۆر گرینی تەمەن 51 ساڵ کە لە 2020 بۆ ناوچەی جۆرجیا هەڵبژێردرا، لە سۆشیال میدیای خۆیدا ڕایگەیاند، "هەرگیز خۆی لەگەڵ کەشوهەوای واشنتن نەگونجاندووە"، گوتیشی: "هەمیشە لە واشنتن سووکایەتی پێدەکرێت."
مارجۆری ئاماژەی بەوەشدا، نایەوێت لایەنگرانی ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی زیانبەخش و پڕ لە ڕق ببنەوە، کە سەرۆکێک سەرکردایەتی دەکات، هەموومان شەڕمان بۆ کردووە، دەشڵێت: 5ـی مانگی داهاتوو دوایین ڕۆژی کارکردنی دەبێت، گوتیشی "پەیامم بۆ ناوچەی 14ـی جۆرجیا و ئەمەریکییەکان ئەوەیە سوپاسیان دەکەم."
لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گرین دەڵێت: بەرگریکردنم لەو ئافرەتە ئەمەریکیانەی لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستدرێژییان کراوەتە سەر و لەلایەن پیاوە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکانەوە بازرگانییان پێوەکراوە، نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کە من بە خیانەتکار وەسف بکرێم یان لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە هەڕەشەم لێبکرێت.
ماجۆری تایلۆرگرین بە یەکێک لە دەنگە دڵسۆزەکانی ترەمپ لە کۆنگرێس دادەنرا و وەک یەکێک لە ڕووخساری بزووتنەوەی ماگا واتە "ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە" دەرکەوت، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.
لە 7ـی تشرینی دووەمدا دۆناڵد ترەمپ لەناکاو پشتی لەو نوێنەرەی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس کرد، دواتر لە پەڕەی فەرمی خۆی لە (سۆشیال تروس) هێرشی کردە سەر و بە "سووک" و "خیانەتکار" وەسفی کرد، دواتر گرین وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، دوای لێدوانەکانی ترەمپ، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆر بووەتەوە.
ناکۆکی نێوان گرین و ترەمپ ئەوکاتە قووڵتر بووەوە، کە ترەمپ لەسەر هەڵوێستە توندەکانی دەربارەی دۆسیەی ملیاردێری کۆچکردوو جێفری ئیپستین، کە بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکسیەوە تاوانبار کرابوو، زۆرێک لە کەسایەتیی بەرپرسانی ئەمەریکاش لەگەڵ تاوانەکانی ئیپستین تێوەگلاون.
'جیفری ئیپستین' ملیاردێرێکی جووی ئەمەریکییە، لەدایکبووی ساڵی 1953یە، بە تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی سزا دراوە، وەکوو مامۆستا و وەبەرهێنەری بانکی کاری کردووە، هەروەها بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناودارەکان و سیاسەتمەدارانی جیهان ناسرابوو، کە تێوەگلابوون بە تۆڕێکی بازرگانی لەشفرۆشی و بەکارهێنانی کچانی تەمەن بچووک لەوکارەدا، دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا و لە ساڵی 2019ەوە لە زیندان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پەیامی مارجۆری تایلۆر گرین
My message to Georgia’s 14th district and America.
— Marjorie Taylor Greene 🇺🇸 (@mtgreenee) November 22, 2025
Thank you. pic.twitter.com/tSoHCeAjn1
