تورکیا فریای ئێران دەکەوێت

پاش ئەوەی ئێران، داوای لە وڵاتانی دۆست کرد، بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێک، هاوکاریی بکەن، ئەمڕۆ تورکیا دوو فڕۆکەی تایبەتیی ئاگرکوژێنەوە و هێلیکۆپتەرێکی بۆ هاوکاریی ئێران نارد.

شەممە، 22ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر، لە زاری شینا ئەنساری، سەرۆکی ڕێخکراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ڕایگەیاند "لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان، ئەمڕۆ تورکیا دوو فڕۆکەی تایبەتیی ئاگرکوژێنەوە و هێلیکۆپتەرێک و 8 کارمەندی تایبەتیی ئاگرکوژاندنەوەی بۆ هاوکاریی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکەی مەرزنئاباد، نارد."

زیاتر لە دوو هەفتەیە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی مەرزنئاباد لە پارێزگای مازندەرانی ئێران کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

پێشتر، محەممەد جەعفەر قائیمپەنا، یاریدەدەری جێبەجێکاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئاگرەکە فراوانتر بێت و بگاتە دارستانەکانی دەوروبەر؛ سەرباری بەشداریی17 تیمی ئاگرکوژێنەوە و شەش هێلیکۆپتەر لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە داوای یارمەتیی  بە پەلەمان لە وڵاتانی دۆست کردووە."

ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا لەو بوارانەدا هاوکاریی ئێران دەکات؛ ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، کاتێک هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە ناوچەیەکی شاخاویی پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە، تورکیا لەسەر داخوازیی ئێران، دەستبەجێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو هەڵگری ئامێری ئاکینجی (AKINCI)ی ڕەوانەی ناوچەکە کرد. 

ئەو فڕۆکە تورکییە، توانی خاڵی گریمانەیی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دەستنیشان بکات و دواتر تیمەکانی فریاکەوتنی ئێران، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی فڕۆکە تورکییەکە، شوینی کەوتنە خوارەی هێلیکۆپتەرەکەیان دۆزییەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment