بنیامین ناتانیاهۆ: لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبین
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ڕێگری لە حەماس و حزبوڵڵا بکەن خۆیان بنیاتبنێنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی لە بەئامانجگرتنیان بەردەوام دەبن.
یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەکەی دووپاتی کردەوە، لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبن.
باسی لەوەش کرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین جار بۆردوومانی لوبنانی کردووە و لە بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆ بنیاتنانەوەیان بگرین بەردەوام دەبین؛ هاوکات هەمان کار لە غەززەش دەکەین، چونکە حەماس لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامە.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشی کردبوو سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد.
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە.
دوێنێ شەممە، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن.
یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەم 2025، سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "کەمال ڕەزا کەرنبش، سەرکردەی حزبوڵڵا لە ناوچەی میفادوون لە باشووری لوبنان، سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵڵا لە ناوچەی حوولا لە باشووری ئەو وڵاتە و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کراونەتە ئامانج.
