شاندێکی حەماس بۆ گفتوگۆ لە بارەی ئاگربەست گەیشتووەتە میسر
حەماس و ئیسرائیل لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامن و لە دوێنێوە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێکردەوە، هاوکات چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، سەبارەت بەو بابەتە شاندێکی حەماس گەیشتووەتە میسر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنی بزووتنەوەی حەماس و میسر بڵاوی کردووەتەوە، شاندێکی ئەو بزووتنەوەیە گەیشتووەتە قاهیرە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی وڵاتانی نێوەدگیر کۆ ببنەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییەی حەماس باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکە باس لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ئاگربەست دەکرێت.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەکەی دووپاتی کردەوە، لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و حەماس بەردەوام دەبن. باسی لەوەش کرد، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەندین جار بۆردوومانی لوبنانی کردووە و لە بەئامانجگرتنی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆ بنیاتنانەوەیان بگرین بەردەوام دەبین؛ هاوکات هەمان کار لە غەززەش دەکەین، چونکە حەماس لە پێشێلکاری ئاگربەست بەردەوامە.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی حەماس هێڵی سنووری زەردی بەزاندبوو و هێرشی کردبوو سەر هێزەکانیان، چەندین ناوچەیان لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد.
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە 21 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.
