نزیکەی 200 هەزار ئۆکرانیی لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی مەترسیی دیپۆرتکردنەوە بوونەتەوە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نزیکەی 200 هەزار پەنابەری ئۆکرانی لە ئەمەریکا لە دۆخێکی یاسایی نادیاردان و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.
ئەم پەنابەرانە پێشتر لە ڕێگەی پرۆگرامێکی مرۆییەوە کە لە سەردەمی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەستیپێکردبوو، مافی مانەوە و کارکردنیان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەرگرتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و دواکەوتنی پرۆسەی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، زۆربەیان مۆڵەتی مانەوەیان بەسەرچووە.
بەهۆی ئەم دۆخەوە، بەشێکی زۆر لەم پەنابەرانە کار و بیمەی تەندروستییان لەدەستداوە و لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژین، هەندێکیان لە ترسی دەستگیرکردن لەلایەن پۆلیسی کۆچبەرییەوە، ناچار بوون ئەمەریکا جێبهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن، چونکە بەهۆی بەردەوامیی جەنگەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئۆکرانیا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمەریکا پلانێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕەشنووس کردووە، کە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن پلانەکە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات، لە وانە دەستبەرداربوون لە بەشێک لەو خاکانە ڕووسیا دا گیر کردوون و ئەندامبوون لە ناتۆ.
پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکا، نیگەرانی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، ئۆکرانیا و بەریتانیا تەنانەت خودی بەرپرسانی واشنتنی لێ کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی لە داڕشتنی پلانەکە ڕاوێژییان پێ نەکراوە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ لە جنێڤ ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا لەو بارەوە کۆببنەوە.
