ترەمپ: ئۆکرانیا بە پاڵپشتییەکانمان سوپاسگوزار نین
سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە هێرشەکانی بۆ سەر سەرکردەکانی ئۆکرانیا و ئەورووپا دەست پێکردەوە و ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی کیێڤ هیچ سوپاسگوزارییەکی بۆ هەوڵەکانیان پیشان نەداوە.
یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جارێکی دیکە ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بەوەی "سوپاسگوزار" نین بۆ پاڵپشتییەکانی واشنتن دژی ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدایە نوێنەرانی باڵای ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازێک بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە.
ترەمپ نووسیویەتی: سەرکردایەتیی ئۆکرانیا هیچ سوپاسگوزارییەکی بۆ هەوڵەکانمان بۆ هاوکاریکردن و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەرنەبڕیوە، هاوکات ئەورووپا لە کڕینی نەوتی ڕووسیا بەردەوامن، دەشڵێت: ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا بە بەهایەکی زۆر کەلوپەلی سەر بە ناتۆ فرۆشتووە بۆ ئەوەی بۆ ئۆکرانیای دابین بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمەریکا پلانێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕەشنووس کردووە، کە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن پلانەکە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات، لە وانە دەستبەرداربوون لە بەشێک لەو خاکانە ڕووسیا دا گیر کردوون و ئەندامبوون لە ناتۆ.
پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکا، نیگەرانی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، ئۆکرانیا و بەریتانیا تەنانەت خودی بەرپرسانی واشنتنی لێ کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی لە داڕشتنی پلانەکە ڕاوێژییان پێ نەکراوە، بۆیە ئەمڕۆ لە جنێڤ ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا لەو بارەوە کۆبوونەوە، کە تێیدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەشدار بووە.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی باسی پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە کیێڤ دژی ئەو پلانەیە.
گوتیشی: لەو باوەڕەم ئەو پلانە بەردی بناغە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەنێت؛ هاوکات سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازی نەبێت، ئەوا خاکی دیکەی زیاتری ئەو وڵاتە داگیر دەکەن.
