یەکێتیی ئەورووپا: نابێت سنوورەکان بە زەبری هێز بگۆڕدرێن

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، نابێت سنوورەکانی ئۆکرانیا بە زەبری هێز بگۆڕدرێن و نابێت سوپای ئەو وڵاتە بچووک بکرێتەوە بە جۆرێک کە ببێتە هۆی لاوازبوونی لە بەرانبەر هێرشەکاندا.

یەکشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025، ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختی کردەوە: "هەر پلانێکی ئاشتیی جێی متمانە و بەردەوام، دەبێت پێش هەموو شتێک کوشتن و جەنگ ڕابگرێت، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی ململانێی زیاتر لە داهاتوودا.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا سەرەڕای ئەوەی کە پشتگیری خۆی بۆ پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا پیشاندا، بەڵام داوای سێ خاڵی سەرەکی بۆ ئاشتی دیاری کرد، ئەوانیش سنوورەکان نابێت بە زەبری هێز دەستکاری بکرێن، وەک نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری، نابێت هیچ سنووردارکردنێک بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دابنرێت کە وڵاتەکە لە بەردەم هێرشی داهاتوودا لاواز بکات و ئاسایشی ئەورووپا بخاتە مەترسییەوە.

هاوکات لەبارەی خاڵی سێیەم گوتی: دەبێت ڕۆڵی ناوەندیی یەکێتیی ئەورووپا لە زامنکردنی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا بە تەواوی ڕەنگ بداتەوە، چونکە ئۆکرانیا مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و چارەنووسێکی ئەورووپی هەڵبژاردووە.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، ئۆکرانیا و ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پلانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

 
 
Fly Erbil Advertisment