ڕێبەر ئەحمەد: پێویستە زانکۆکانمان ببنە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابووری کوردستان

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ

بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمی ئاهەنگی خولی( 44)مینی دەرچووانی زانکۆی سەلاحەددین ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت زانکۆکانمان ببنە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابووری کوردستان.

پیرۆزبایی و ستایشی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەناوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، پیرۆزبایی  لە قوتابییانی دەرچوو کرد و ستایشی زانکۆ و مامۆستایانی کرد لە پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، لەبری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان پیرۆزبایی دەرچوونی لە قوتابییانی خولی( 44)مینی زانکۆی سەلاحەددین کرد و پێزانینی بۆ سەرۆک و ئەنجوومەنی زانکۆ و  مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەددین نیشاندا بەرانبەر هەوڵ و ماندووبوون و بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو.

ڕێبەر ئەحمەد، خانەوادەی قوتابییە دەرچووەکانی کرد کە زەمینەی سەرکەوتنیان بۆ منداڵەکانیان ڕەخساندووە.

چەند قوتابییەکی زانکۆی سەڵاحەددین لە ئاهەنگی دەرچوونیاندا 23ـی تشرینی دووەمی 2025.

 

حکوومەتی هەرێمی  کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان

ڕێبەر ئەحمەد لە ڕێوەڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی  کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، خوێندن و پەروەردە بەهێزترین ئامرازن بۆ پێشخستنی کوردستان، گوتی: گەورەترین سەرچاوەی کوردستان، گەنجەکانن، بۆیە حکوومەتی هەرێمی  کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و زانکۆکان لەپێناو بونیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز کە دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانیان بدەن و بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەی گەشەپێدان و کاروانی ئاوەدانی هەرێمی کوردستان هەبێت.

قوتابییانی دەرچوو وێنەی یداگاریی خۆیان دەگرن-23ـی تشرینی دووەمی 2025

 

زانکۆکان دەبێت ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستان 

ڕێبەر ئەحمەد لەچوارچێوەی گوتارەکەیدا کە لەڕێوەڕسمی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین پێشکەشی کرد، گوتی: زانکۆکان کە ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەن، نابێت شوێنێک بن تەنیا بۆ بەخشینی بڕوانامە، بەڵکو دەبێت ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستان هەبێت و ناوەندێک بن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و کەسانی شارەزا و زانا و سەرکردەکانی داهاتوو.

 

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین

 

 

هەنگاوی ڕژد بۆ چاکسازیی کردن لە سیستەمی پەروەردە و زانکۆکان

ڕێبەر ئەحمەد لە گوتارەکەیدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەنگاوی ڕژد کردووە بۆ چاکسازیی لە سیستەمی پەروەردە و زانکۆکان، ڕایگەیاند: بۆ ئەم مەبەستە، دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دروستکراوە، بۆ دانانی کۆمەڵێک ستاندارد و پێوەری کارپێکراوی نێودەوڵەتی یەکگرتوو، بۆ خوێندن و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی زانستی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی تایبەت و گشتی و ڕێکخستنەوەی پرۆسەی پێداچوونەوە و چاودێریی کردن و پشتیوانیی کردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بەدەستهێنانی بڕانامەی متمانەیی بۆ زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن.

 

قوتابییانی دەرچووی زانکۆی سەڵاحەددین

پەرەپێدانی بەرنامە و پرۆگرامەکانی خوێندن

وەزیری ناوخۆ لە بری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان ڕایگەیاند: یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانمان پەرەپێدانی بەرنامە و پرۆگرامەکانی خوێندنە، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێن، دەرچوانی زانکۆ بەشێوەیەک ئامادە بکرێن و پێ بگەیەندرێن، فێری ئەم زانست و پسپۆرییە و شارەزاییە بن کە بۆ پێشکەوتنی کوردستان پێویستن و پێداویستی ئەمڕۆی بازاڕەکان دابین دەکەن، بەتایبەتیش کە ئەمڕۆ زانست و بازاڕی کار، پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و دەبێت زانکۆکانمان ببنە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابووری کوردستان.

گوتی: هەمیشە دەرفەتی کار بۆ ئەوانەیە کە بەتوانا و زیرەکن و کەرتی تایبەت چاوەڕێی پێشنیار و داهێنانەکانتانن.

 

یاریگای فرەنسۆ هەریری لە هەولێر

 

پێشکەوتنەکانی کوردستان و بەرهەمی خەبات و تێکۆشان

ڕێبەر ئەحمەد ڕووی لە قوتابییانی دەرچووی زانکۆی سەڵاحەددین کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستان، بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و شەهیدانن، داوای لە قوتابییانی دەرچوو کرد، تێکۆشان و قوربانیدانی ئەوانیان لەیاد بێت کەخۆیان لەپێنا و ئازادی و سەربەستی کوردستان بەخت کرد و ئەو دەرفەتەیان هێنایە ئاراوە کە ئێوە بتوانن لە کوردستانێکی ئازاددا خوێندن تەواو بکەن، بۆیە خۆشەویستی کوردستان و ڕێزگرتن لە مێژوو و خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان، ئەرکێکی نیشتمانیی سەرتاسەرییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێورەسمی ئاهەنگی خولی( 44)مینی دەرچووانی زانکۆی سەلاحەددین بەڕێوەچوو.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەددین لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتبووی: ڕۆژی یەکشەممە، خولی 44مینی ئاهەنگی دەرچووانی قۆناغی کۆتایی بۆ هەردوو خولی یەکەم و دووەم بۆ ساڵی دەرچوونی 2024- 2025ـی زانکۆی سەلاحەددین، لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری، بەڕێوەدەچێت.

ڕاشیگەیاندبوو، لەم خولە 1950 قوتابی خوێندنی باڵا و 5032 قوتابی بکالۆریۆس بڕوانامەیان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زانکۆی سەلاحەددین لە 17 کۆلێژ و 90 بەشی ئەکادیمی پێکدێت.

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment