ئۆکرانیا: گۆڕانکارییەکانی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داواکارییەکانی ئێمە بەدی دەهێنێت

دوای کۆبوونەوەی نێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا، وەزیری پێشووی بەرگریی  ئۆکرانیا بە ئەرێنییەوە باس لە پلانی ئاشتی واشنتن دەکات و ڕایگەیاند گۆڕانکارییەکانی تا ڕادەیەکی زۆر باش داواکارییەکانی وڵاتەکەی لە خۆ دەگرێت؛ هاوکات هەر دوو وڵاتە ستایشی گفتوگۆکانیان کرد و بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەبووە.

یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی  ئۆکرانیا و ڕایگەیاند، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە. 

دەشڵێت: هاوکاریی و سەرنجەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئێمە بەرز دەنرخێنین، کە وای کردووە هەنگاوی باش بنێین، باسی لەوەش کرد، تێگەیشتنێک هەیە کە پێشنیازەکەی واشنتن بەشێک تێڕوانینی ئۆکرانیا لە بارەی بەرژەوەندی نیشتمانی لە خۆ دەگرێت.

دوای کۆبوونەوەکە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا، هەر دوو لا یان ستایشی گفتوگۆکان لە جنێڤ کرد، کە تێیدا تاوتوێی پێشنیازێک کرا بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، یێرماک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشمان هەیە و بەرەو ئەو ئاشتییە دادپەروەرانە و بەردەوامە هەنگاو دەنێین کە شایستەی گەلی ئۆکرانیایە.

لەلایەکی دیکەوە ڕوبیۆ سەبارەت بە گفتوگۆکان، گوتی: ڕەنگە تا ئێستا لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا، ئەمە بەرهەمدارترین و گرنگترین گفتوگۆ بووبێت.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا زۆر بنیاتنەر بووە و تێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەبووە.

باسی لەوەش کردووە، هێزە ئەورووپییەکان ڤێرژنێکی هەموارکراوی پلانی ئاشتیی واشنتنیان بۆ ئۆکرانیا پێشکەش کردووە، کە تێیدا بەشێک لەو سنووردارکردنە سەرەکییانە ڕەت دەکەنەوە کە خرابوونە سەر توانای سەربازی و داواکارییە خاکییەکانی کیێڤ.

هاوکات بە گوێرەی ئەو ئاژانسە، ڕەشنووسە ئەورووپییەکە لەلایەن بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە و داوا دەکات زۆرترین ژمارەی ڕێگەپێدراوی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە کاتی ئاشتیدا لە 600 هەزارەوە بۆ 800 هەزار بەرز بکرێتەوە. هەروەها ئەو دەستەواژانەی ئەمەریکا لا دەبات کە ئاماژەن بۆ ئەوەی هەندێک ناوچە وەک خاکی ڕووسیا بە کردەیی (de facto) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە، هەر دانوستانێک لەسەر خاک، دەبێت لەسەر بنەمای هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ دەستپێبکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمەریکا پلانێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا ڕەشنووس کردووە، کە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن پلانەکە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات، لە وانە دەستبەرداربوون لە بەشێک لەو خاکانە ڕووسیا دا گیر کردوون و ئەندامبوون لە ناتۆ.

پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکا، نیگەرانی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، ئۆکرانیا و بەریتانیا تەنانەت خودی بەرپرسانی واشنتنی لێ کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی لە داڕشتنی پلانەکە ڕاوێژییان پێ نەکراوە، بۆیە ئەمڕۆ لە جنێڤ ئەمەریکا و ئەورووپا و ئۆکرانیا لەو بارەوە کۆبوونەوە.

شاندەکەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر نێردەی تایبەت دریسکۆڵ، فەرماندەی سوپا، مایکڵ نیدهام، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوە، جولی دەیڤس، باڵیۆزی ئەمەریکا ئاندی بەیکەر، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژەنەراڵ گرینکێویچ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەورووپا (EUCOM) پێکهاتبوو.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاندبوو، پێنجشەممەی داهاتوو کۆتا مۆڵەت دەبێت بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بە پلانەکە ڕازی بن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment