جگەرەکێشان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دێ زیاتر پەرە دەستێنێ

 بە پێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ناوەندی ئاماری ئێران، کێشانی تووتنەمەنی وەک جگەرە و نێرگەلە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەرزترە؛ لەم نێوەشدا پارێزگای سنە لە دوای هەمەدان پلەی دووهەمی جگەرەکیشانی گرتووە. جگەرەکێشان لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ زیاتر لە دوو ئەوەندەی زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانە.

نەبی مەریوانی، جگەرەفرۆش، بە کوردستان24ـی گوت: نزیکەی 50 ساڵە جگەرە دەفرۆشم، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی جگەرەکێشان زیاتر دەبێت. 

کەمترین تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان لە ئێران لە نێو کوڕاندا گەیشتووەتە 10 ساڵ و لە نێو کچانیش لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەست پێ دەکات. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، جگەرەکێشان لە نێو کچانی 15 تا 18 ساڵی، لە پێنج ساڵی ڕابرودوودا زیاتر لە %130 زیادی کردووە.

 دکتۆر نەویدیان، پسپۆڕی دەروونناسیی،  لەم بوارەدا توێژینەوەی کردووە، لایوایە جیا لە کاریگەریی هاوڕێیان و هەوڵدان بۆ لاساییکردنەوەی کەسایەتییە ناسراوەکان، بەردەدست بوونی جگەرە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر فێربوونی جگەرەکێشان هەیە.

نەویدیان، دەڵێت: لێرە تەنانەت منداڵێکیش دەتوانێت جگەرە بکڕێت، چونکە یاسایەکمان بۆ ڕێگریی لە فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵان بکات. جگەرەفرۆشەکانیش لەبەر قازانجی خۆیان، جگەرە بە هەموو کەسێک دەفرۆشن. 

کێشانی جگەرە و نێرگەلە بازاڕێکی یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلاریی لە ئێران پێک هێناوە. ئەم بازاڕە کە پشت بە بەرهەمی 21 کارگەی جگەرەی ناوخۆیی و جگەرەی هاوردەکراو دەبەستێت، بەشێک لە داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی حکوومەتەوە. لە بەرانبەردا، جیا لەوەی ساڵانە نەخۆشکەوتنی 150 هەزار کەسی لێ دەکەوێتەوە کە 50 هەزار کەسیان گیان لەدەست دەدەن، 500 ملیۆن دۆلاریش زیان لە ئابووریی ئەم وڵاتە دەدات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment