خمگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو دەچێت

 بە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی مافووری دەستکرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیشەی خمگەری 'ڕەنگڕێژی'ش ئیتر وەک جاران بازاڕی نەماوە و وەستاکانی ئەم پیشەیە وازیان لە کارەکەیان هێناوە. ئێستا لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا یەک کارگەی ڕەنگڕێژی هەیە.

لە سووچێکی ناو بازاڕی گوزەری 'ئاسەف'ی سنە و لە شوێنێک کە پێی دەگوترێ مەیان قەساوان، دوایین کارگەی خمگەری لە شاری سنە  هەڵکەوتووە. ساڵان کە پیشەی مافوورچنین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕەوی هەبوو، خمگەریش داوای لەسەر بوو ژمارەی کارگەکانی خمگەری لەم شارە زۆر بوون. بەڵام بەرەبەرە هەموویان وازیان هێناوە و وەستا محەممەد عەلی، تەنیا کەسێکە لەسەر ئەم پیشەیە ماوەتەوە.

وەستا محەممەدعەلی کە تەمەنی 78 ساڵە، زیاتر لە 60 ساڵە خەریکی خمگەرییە. ئەو بۆ ڕەنگکردنی دەزوو و هەودا و ڕیس و گوریس و تەنانەت قوماشیش، هیچ جۆرە ماددەیەکی کیمیایی بەکار ناهێنێت و هەموو ڕەنگەکانی لە ڕووەک و توێکڵی میوەکانی ناو سروشتی کوردستان وەردەگرێت.

وەستا محەممەد بە کوردستان 24ـی گوت: سەردەمانێک شەو و ڕۆژ لێرە کارمان دەکرد؛ ئەو دەم هەموو ماڵێک، لە شار و گوندەکاندا تەونیان هەبوو و قاڵی و فەرشیان دەچنی. بەڵام ئیستا وەک دەبینی کارەکەمان برەوی نەماوە و خمگەریش وا بۆ هەمیشە لەناو دەچێت.

ئەم وەستایە کە 60 ساڵ ئەزموونی لەو پیشەیەیدا هەیە حەز دەکات پیشەکەی لە دوای خۆشی بەردەوام بێت. بەڵام ئێستا تەنانەت شاگردیشی نییە و تەنیا جاروباری کوڕەکەی دێتە دوکان و یارمەتیی دەدات. بۆیەش دەڵێت ئەگەر دامودەزگا فەرمییەکان و بە تایبەت فەرمانگەی پەروەرە بیانەوێ قوتابییانی بەشی پیشەیی لەسەر ئەم پیشەیە ڕابێنن، ئامادەیە خولی ڕاهێنان و فێرکارییان بۆ بکاتەوە.

پیشەی ڕەنگڕێژی کە خمگەرییشی پێ دەگوترێ، لە شاری سنە تەمەنی زیاتر لە 150 ساڵە و پشتاوپەشت گەیشتووەتە ئەمڕۆ. سەردەمانێک ژمارەی کارگەکانی خمگەری ئەم شارە گەیشتبووە 17 کارگە. بەڵام بە تێپەڕینی کات و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، ئەم پیشەیەش وەک زۆر پیشەی کۆنی کوردەواری بەرەو لەناوچوون و لەبیرچوونەوە دەچێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment