ئهمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانه
ڕۆژی 25ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و ھەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی ئافرەتان و ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە چالاكی ئەنجام دەدرێت.
هانا شوان، چالاکوانی بواری ئافرەتان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، میدیاکان سەنگ و قورسایی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردە نەرێنییەکانی نێو کۆمەڵگەهەیە، چونکە میدیاکارانیش هەر کچ و کوڕی ئەم کۆمەڵگەیەن بۆیە خەمخۆرانە کار لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن سەرەڕای پەخشکردنی هەندێک دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و منداڵان کە هەندێک جار ئەنجامی نەرێنی دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لە بەر چاو بگرین کە هەنگاوێکی باش هەیە بۆ ئەوەی ڕیفۆڕمێکی باش لە پەیامی میدیاییدا بکرێت بە تایبەت بەرانبەر بە ئافرەتان و منداڵان.
میدیا و میدیاكاران ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە ئاراستەكردنی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن بۆ ھۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵگە لەبارەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بەتایبەتی گرنگە میدیاكار و میدیای گشتی بە وردی و بەرپرسیارانە پابەندی بنەما پیشەییەكانی كاری ڕاگەیاندن بێت و بزانێت بە چ شێوەیەك كۆمەڵگە ئاراستە دەكات و ئەو ئەركە گرنگەی لەسەر شانیەتی بە دروستی جێبەجێیی بكات.
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و چالاكوانی بواری ئافرەتان گوتی: دەرچوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی ئافرەتان دژی توندوتیژی خێزان هەروەها دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و کارکردن بۆ لێکۆڵینەوە لەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی خێزان دەبنەوە، هەمووی پرۆژەی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە خزمەت بە ئافرەت و خێزان دەگەیەنێت.
ڕێزان شێخ دلێر جەختی لە ڕۆڵی ئەرێنی میدیا و میدیاکارانیش کردەوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئاشناکردنیان بە مافەکانیان.
ساڵ لە دوای ساڵ هاووڵاتییان و بە تایبەت ئافرەتان چاو کراوەتر و هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ گرفتە دەروونییەکان دەکەن و پێیان وایە یەکێک لە هۆکارە گرنگ و کاریگەرەکان بۆ هۆشیاری ئێستا و داهاتوو ڕاگەیاندنە.
ڕۆژی 25ـی تشرینی دووەم بانگەوازێکە بۆ ئەوەی هەموومان بەرپرسیارانەتر ڕۆڵ ببینین بۆ دروستكردنی جیهانێک کە تێیدا ئافرەتان بە ئاراستەی دروستکردنی متمانەی زیاتر ھەنگاو بنێن.
