لاڤرۆڤ: دەبێت پلانی هەموارکراوی ئاشتیی ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا بێت

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە هەموارکراوەکانی دەقی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە لایەن ئەو وڵاتە و ئەورووپا ڕەنگدانەوەی لێکتێگەیشتنەکانی کۆبوونەوەی لووتکەی هەر دوو سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئالاسکا بێت، دەشڵێت: ئەگەر هەموارکراوەکان جێگای قبووڵ نەبن، دەستپێشخەرییەکی دیکە دەکەن

سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە دا، ڕووسیا پێشوازی لە ڤێرژنی سەرەتایی پلانی ئاشتیی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کردووە، پلانێک کە کیێڤ و هاوپەیمانانی پێیان وا بوو زۆر بە قازانجی مۆسکۆیە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی ڤێرژنی "کاتیی" هەموارکراوین، دوای ئەوەی واشنتن هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا و ئەورووپا تەواو دەکات.

لاڤرۆڤ هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت کە پوتن و ترەمپ لە مانگی ئابدا لە ئالاسکا باسیان کردووە، ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت.

گوتیشی: "هەڵسەنگاندنەکانمان وەک خۆیان دەمێننەوە، بەو پێیەی بڕگە سەرەکییەکانی پلانی ترەمپ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی بوون لە لووتکەی ڕووسیا و ئەمەریکا لە ئابی ئەمساڵدا، ئەو پرەنسیپانەش بە گشتی لە پلانەکەدا ڕەنگیان دابووەوە، کە ئێمە پێشوازیمان لێ کرد.

لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتبوو، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.

بەپێی میدیاکان، ئێستا هەموو ئەو بڕگانە هەموار کراونەتەوە یان بۆ کاتێکی دیکە دوا خراون، لەو بارەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ پەلە لە واشنتن ناکات، بەڵام هیوادارە هەر کاتێک دەقی کاتیی پلانەکە ئامادە بوو، لەگەڵ ڕووسیادا بەشی بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment