سووریا.. هەزاران عەلەویی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای سیستەمی فیدراڵی دەکەن

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2025، هەزاران کەس لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا کە بە پێگەی سەرەکیی عەلەوییەکان دادەنرێت، ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی و ئازادکردنی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی ئەو وڵاتەدا خزمەتیان کردووە.

باسی لەوەش کردووە، ئەم ناڕەزایەتییانە دوای زنجیرەیەک هێرش دێت کە ئەم دواییانە کرانە سەر کەمینەی عەلەوی. ئەمەش بە گەورەترین خۆپیشاندان دادەنرێت لەو ناوچەیەدا لەوەتەی بەشار ئەسەد، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 ڕووخێنرا.

لە ڕاپۆتەکەدا هاتووە، لە شاری لازقییە، خۆپیشاندەران دروشمی وەک "گەلی سوریا یەکە" و "با هەموو جیهان گوێی لێ بێت، عەلەوییەکان ملکەچ ناکەن"یان دەگوتەوە. هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە بڵاوەیان پێ کرابوو بەڵام دەستوەردانیان نەکرد.

جومانە، پارێزەرێکی تەمەن 58 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە گەلێکی یەکگرتووین. دەمانەوێت گرووپە چەکدارەکان ناوچەکە جێبهێڵن، دادپەروەری بۆ شەهیدانی کەناراوەکان بەدی بێت و زیندانییەکانمان ئازاد بکرێن،

بەپێی سەرچاوەکان، لە مانگی ئاداری ڕابردوودا توندوتیژیی تایفەگەری ناوچە عەلەوییەکانی گرتەوە و بووە هۆی کوژرانی 1,426 کەس لەو پێکهاتەیە.

هاوکات لە شارەکانی تەرتوس و جەبلەش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و سەدان کەس دروشمیان بەرز کردبووەوە و داوای فیدراڵی و ئازادکردنی دەستگیرکراوانیان دەکرد. سەرچاوەکان بە کەناڵی عەرەبییە یان ڕاگەیاندووە، "خۆپیشاندەرانی عەلەوی لەسەر داوای 'غەزال غەزال'، سەرۆکی پێکهاتەی عەلەوی، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ئازادکردنی ئەو چەکدارانە دەکەن کە دڵسۆزی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بوون.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، لە شاری جەبلە پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی حکوومەت دروست بووە و دەنگی تەقە بیستراوە، کە بە هۆییەوە چەند کەسێک بە سووکی برینداری بوون.

ئەم خۆپیشاندانانە دوای شەپۆلێک توندوتیژی دێت دژی عەلەوییەکان لە شاری حومس، کە تێیدا ڕۆژی یەکشەممە ژن و مێردێکی بەدەویی سوننە کوژران و دروشمی تایفەگەری لە شوێنی ڕووداوەکە نووسرابوو.

دوای تۆمەتبارکردنی عەلەوییەکان بەو تاوانە، هێرش کرایە سەر دوکان و ماڵەکان لە گەڕەکە عەلەوییەکان. دەسەڵاتداران قەدەغەی هاتووچۆیان سەپاند و دواتر جەختیان کردەوە کوژرانی ژن و مێردەکە "کارێکی تاوانکاری بووە نەک تایفەگەری.

 
 
Fly Erbil Advertisment