تاران.. سوپای 60 ملیۆنیی مشکەکان بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیدا سەرکەوتن

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری تاران، لاوازیی بەڕێوەبردنی کۆکردنەوەی خاشاک و گۆڕانی بەردەوامی بەڕێوەبەرانی شارەوانی، بە هۆی سەرەکی شکستی قەڵاچۆکردنی مشک و جرجەکانی تاران دەزانێت.

سوودە نەجەفی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئیسلامیی شاری تاران، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی گوت: تا ئەو کاتەی شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ ڕێک نەخرێت، هەوڵ و بودجەی ئێمە بۆ قڕکردن، یان کۆنترۆڵکردنی گیانلەبەرە زیانبەخشەکان هیچ سوودێکی نابێت.

نەجەفی، دەڵێت: بوونی ئەو ژمارە یەکجار زۆرەی گیانلەبەرە زیانبەخشەکان، بە تایبەت مشک، لە ناو شاری تاراندا، هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانەکەی دروست کردووە. لە ماوەکانی پێشوودا  بە هۆی کەمتەرخەمیی لە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، ژمارەی ئەو گیانلەبەرە زیانبەخشانە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوونە. 

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری تاران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لایەنی سەرەکیی بەرپرس لە زۆربوونی مشک و  گیانلەبەرە زیانبەخشەکانی تر لە شاری تاران، ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی کۆکردنەوەی پاشماوەکانە؛ بەداخەوە ئەم ڕێکخراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیدا کە کۆکردنەوەی زبڵ و ڕاگرتنی پاکوخاوێنیی شارە، لاوازە و هەر ئەم زبڵانەش هۆی سەرەکیی زیادبوونی ژمارەی مشکەکانن.

نەجەفی، جەختی لەوە کردەوە "بودجە هەیە، بەڵام بەڕێوەبردن لاوازە.. پاککردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ، یەکێکە لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی شارەوانی و هاوڵاتیان دوای بابەتی ترافیک، بە پێوەری پاکوخاوێنیی شار، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی شارەوانی دەکەن. بەداخەوە لەم خولەدا، بەڕێوەبەرایەتیی شار سەرەڕای پەسەندکردنی بودجەی پێویست لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوە، لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە و ئەم بابەتە چەندین جار لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەوە تێبینیی لەسەر دراوە."

ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری تاران، گوتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا، شارەوانی لە جیاتی چاککردنی شێواز و سیاسەتەکان، تەنیا پەنای بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەران بردووە؛ بە شێوەیەک کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی 'زاکانی' سەرۆکی گەورە شارەوانیی تاران، چوار بەڕێوەبەری گشتی لە ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی زبڵ و خاشاک، گۆڕدراون، کە بە تێکڕا هەر یەکەیان تەنیا نزیکەی یەک ساڵ لەم پۆستەدا ماونەتەوە بەڵام هیچ کام لە بەڕێوەبەرە دەستنیشانکراوەکان نەیانتوانیوە بە جۆرێک کار بکەن کە دۆخی پاککردنەوەی شار باشتر بێت و لە کۆتاییدا بتوانین ڕەزامەندیی هاوڵاتیان بەدەست بهێنین.

 نەجەفی، لە کوتایی قسەکانیدا گوتی: یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵکردنی گیانلەبەرە زیانبەخشەکان و مشک لە تاران، کۆکردنەوەی بەکات و زانستییانەی زبڵە لەنێو شاردا. تا ئەو کاتەی شێوازی ئێستای کۆکردنەوەی زبڵ بەردەوام بێت، ئەم گیانلەبەرانە هەر بەردەوام دەبن لە خواردنی پاشماوەکان و کۆنترۆڵکردنیان ئەستەم و پڕتێچوو دەبێت. بۆیە دەبێت شارەوانی لە جیاتی پشتبەستن بە شێوازی هەڵە، ڕێکارێکی گونجاو و کاریگەر بۆ کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ دابڕێژێت تاوەکوو ڕێگریی لە زۆربوونی لە ڕادەبەدەری ئەو گیانلەبەرە زیانبەخشانە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی بکات.

بەگوێرەی داتاکانی لایەنە تەندروستییەکان، ژمارەی مشکەکانی تاران، لە نێوان پەنجا، تا شەست ملیۆن مشکدان؛ واتە بەرانبەر بە هەر دانیشتوویەکی ئەو شارە، پێنج یان شەش مشک هەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment